قوباد تاڵەبانی: پەکەکە لە پێگەیەکی بەهێزەوە بۆ ئاشتی چەکەکانی لەنێوبرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە ئەشکەوتی جاسەنەی سلێمانی، رێوڕەسمی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلای پەکەکە بەڕێوەچوو. جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: "ئەمڕۆ لە سلێمانی مێژوو تۆمارکرا. پەکەکە لە پێگەیەکی بەهێزەوە وەک بەشێک لە دەستپێشخەرییەکی گەورە بۆ ئاشتی، چەکەکانی لەنێوبرد."
قوباد تاڵەبانی لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات: "سلێمانی وەک شارێک کە بە دروستکردنی پرد و چارەسەرکردنی ناکۆکی لەڕێی دیالۆگەوە ناسراوە، ئەمڕۆ ئەم رۆڵەی خۆی زیاتر بەرجەستە کرد."
قوباد تاڵەبانی دەڵێ: "بە ئومێدێکی قووڵەوە بۆ ئاشتی و دیموکراسی بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئەم پرۆسەیە."
ئەمڕۆ هەینی، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا چەکەکانیان دانا و سووتاندیان.
لە رێوڕەسمەکەدا، 30 گەریلا کە لەنێویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە و سێ بەرپرسی باڵای دیکە هەبوون، چەکەکانیان سووتاند.