دادگای سلێمانی: سێوان و منداڵەکانی بە دەستی هاوژینەکەی سووتێنراون

 
رووداو - سلێمانی

دادگای سلێمانی سزای سێدارەی بۆ دیار مەجید دەرکرد کە بە سووتاندنی سێوان قادری هاوژینی و سێ منداڵەکەی تاوانبارە.
 
دادگای سلێمانی دوای 16 دانیشتن بڕیاری دا کە دیار مەجید جێبەجێکاری سەرەکیی تاوانی سووتاندنی سێوان و سێ منداڵەکەیەتی و گوتی دەبێت لە سێدارە بدرێت.
 
قادر نووری، باوکی سێوانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سوپاسی خوا دەکەین کە بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو تاوانبارەی دا و ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵ بووین و وادەزانین جارێکی دیکە ژیاوینەتەوە و داواش لە سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی دەکەین کە بڕیارەکە جێبەجێ بکەن".
 
بنار عادل پارێزەری دۆسیەکەیە و بەرگری لە بنەماڵەی سێوان دەکات کە دوای ساڵێک و نۆ مانگ لە پرۆسەی دادگاییکردن ئێستا خۆشحاڵن کە کەیسەکەیان بردووەتەوە.
 
بنار عادل، یەکێک لە پارێزەرانی کەیسی سێوان بە روداووی راگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم کە توانیمان دادپەروەری پچەسپێنین و ماوەی ساڵێک و نۆ مانگە بەم دۆسیەوە خەریکین و دۆسیەکە بەم زووانە دەچێتە دادگای تێهەڵچونەوە و بەپێی یاسا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و داوا دەکەین ئەوانیش بڕیاری لەسێدارەدان پەسند بکەن و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بڕیارەکە جێبەجی بکات".
 
جیاواز لە خۆشحاڵیی ئەوان، بنەماڵەی دیار مەجید لە بڕیاری لەسێدارەدانی کوڕەکەیان نیگەرانن و پێیان وایە ستەمیان لێکراوە و بەڵگەکانی بێتاوانیی کوڕەکەیان پشتگوێ خراوە.
 
مەجید حەمید، باوکی دیارە کە سزای لەسێداردان بەسەریدا سەپێنراوە و بە رووداوی گوت، "دادگا ستەمی لە ئێمە کردووە و بڕیارەکە ستەمکارانە بووە و ئەو بەڵگانەیان نەخوێندووەتەوە کە ئێمە هەمان بووە و تیمی بەڵگە و تاوانی سلێمانی و چەمچەماڵیش گوتوویانە رووداوەکە خۆکوژی بووە و بەڵگەی دیکەش هەبووە کە حسابیان بۆ نەکراوە. بۆیە تانە لە بڕیارەکە دەدەین".
 
بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا سکاڵای پێداچوونەوە بە بڕیاری لەسێدارەدانی دیار لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بچێتە بەردەم دادگای تێهەڵچوونەوە و لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگدا ئەوانیش بڕیاری کۆتایی لە بارەیەوە بدەن. 
 
ئەمەش لەکاتێکدایە کە له‌ساڵی‌ 2007 وه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی‌ 280 كه‌یسی‌ له‌سێداره‌دان هه‌یه،‌ بەڵام تەنیا سزای له‌سێداره‌دان بۆ چوار لە كه‌یسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌رچووە.