سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە د. فوئاد مەعسووم دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی رووناک عەبدولواحید، هاوژینی سەرۆکی پێشووتری عێراق، سەرەخۆشی لە د. فوئاد مەعسووم دەکات. 
 
رۆژی هه‌ينى، 11ـی ئابی 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بەبۆنەی کۆچی دوایی رووناک عەبدولواحید ئاراستەی د. فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق کرد کە تێیدا هاتووە: "بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی هاوسەری بەڕێزتان خاتوو (رووناك عەبدولواحید)ـمان پێ گەیشت. سەرەخۆشیی لە بەڕێزتان و خانەوادە و كەسوكارتان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم." 
 
سەرۆک بارزانی دەشڵێت، "لە خودای گەورە داواكارم رۆحی خوالێخۆشبوو خاتوو رووناك عەبدولواحید بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
 
رۆژی هەینی، 11-8-2023، رووناک عەبدولواحید، هاوژینی د. فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە شاری بەغدا و لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. بڕیارە سبەی شەممە تەرمەکەی بهێنرێتەوە بۆ پارێزگای هەولێر و لە قەزای کۆیە بەخاک بسپێردرێت.
 
رووناک عەبدولواحید، لەساڵی 1942 لە شاری دیوانییەی باشووری عێراق لەدایکبووە، پەیمانگەی مامۆستایانی لە دیوانییە تەواوکردووە.
 
باوکی یەکێک بووە لە ئەفسەرانی سەردەمی پادشایەتی و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و رۆشنبیر لەدایکبووە.
 
ساڵی 1968 لەگەڵ فوئاد مەعسووم ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، ئەو کات د. فوئاد نوێنەری مەلا مستەفا بارزانی بوو لە قاهیرەی پایتەختی میسر.
 
رووناک عەبدولواحید دایکی پێنج کچە بەناوەکانی شیرین، جوان، زۆزان، ڤیان و شیلان، هەروەها کوڕێکیشی هەبووە، کە لە تەمەنی 15 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە.
 
لەساڵی 2014 تاوەکو 2018، ئەو کاتەی د. فوئاد مەعسووم سەرۆککۆماری عێراق بوو، ناسناوی خانمی یەکەمی عێراقی وەرگرت.
 
لەساڵی 2015 تاوەکو ساڵی 2017 سەرۆکی رێکخراوی ژنانی عەرەب بووە.
 
 
دەقی پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ دكتۆر فوئاد مەعسووم: 
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
برای بەڕێز دكتۆر فوئاد مەعسووم
 
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی هاوسەری بەڕێزتان خاتوو (ڕووناك عەبدولواحید)ـمان پێ گەیشت. سەرەخۆشیی لە بەڕێزتان و خانەوادە و كەسوكارتان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم.
 
لەخودای گەورە داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو خاتوو ڕووناك عەبدولواحید بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
 
انا لله و انا الیە راجعون
 
مسعود بارزانی
11ـی ئابی 2023