بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز: ئۆتۆمبێلێک بە درۆن کرایە ئامانج و سێ کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەی ملەی نەڵمە بە درۆن کراوەتە ئامانج و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز گوتی، بەهۆی بۆردوومانەکەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و خەریکی لێکۆڵینەوەن.
ئەو بەڕێوەبەری ناحیەیە باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ژنن یان پیاو، "چونکە بەتەواوەتی سووتاون."
هێمن ئیبراهیم گوتی، بەدڵناییەوە بۆردوومانەکە بە درۆن بووە، "چونکە شوێنەواری لەسەر شەقامەکە بەجێهێشتووە و شەقامەکە کون کون بووە، هەروەها ئۆتۆمبێلەکەش بە تەواوی سووتاوە."