شاندێکى حکومەتی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەى خانووە بێ تاپۆکان سەردانى کەرکووک دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکى حکومەتی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەى بەناوکردنى خانووە بێ تاپۆکان سەردانى کەرکووک دەکات، کە زۆرینەیان خاوەندارێتییەکان بۆ هاونیشتمانییان دەگەڕێتەوە.
 
ئەحمەد عومەر، سەرۆکى شارەوانیى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڕیارە لە یەک دوو رۆژى داهاتوودا لیژنەیەک لە وەزارەتى شارەوانیى عێراقەوە سەردانى کەرکووک بکات بۆ تاوتوێکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 20ى ساڵى 2025ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە تایبەتە بە یەکلاییکردنەوەى ئەو خانووانەی لەسەر زەوى شارەوانى دروستکراون و بێ تاپۆن."
 
10ى ئابى 2025 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى ژمارە 20ى خۆى هەموارکردەوە، بە شێوەیەک کە نرخی ئەو خانووانە بە قیستى 20 ساڵ لەو کەسانە وەربگیرێتەوە کە دروستیان کردووە.
 
سەرۆکى شارەوانیى کەرکووک گوتى، "ئەو بڕیارەمان بە فەرمى پێ نەگەیشتووە، دەبێت خانووە بێ تاپۆکانی کەرکووک ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە و بەشێک لە هۆکارى سەردانى ئەو لیژنەیەى بەغدا بۆ ئەو مەبەستەیە."
 
لە کۆى 9 گەڕەکى بێ تاپۆ لە کەرکووک، کە لەسەر زەویى شارەوانى دروست کراون، دانیشتووانى 6 گەڕەکیان کوردن.
 
ئەحمەد عومەر گوتى، "زیاتر لە 92 هەزار مامەڵەى بەناوکردنى ئەو خانووە بێ تاپۆیانە پێشکێشی شارەوانى کراوە و پێشبینی دەکرێت نزیکەى 10 هەزار مامەڵەى دیکە مابێت پێشکێش بکرێن."