پۆلیسی دهۆک: 17 کەس بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێ، بەدواداچوون بەردەوامە بۆ ئەو شوێنانەی قوماریان تێدا دەکرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات:"دوێنی شەو 17 کەس لەسەر قومارکردن دەستگیرکران".
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو، هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی ماڵتا هەڵیانکوتایە سەر کافتریایەک و 17 کەسیان لەکاتی قومارکردندا دەستگیرکرد".
بە گوتەی هێمن سلێمان، کافتریاکە داخرا و خاوەنەکەشی دەستگیرکرا.
هەموو دەستگیرکراوەکان گەورەن. گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتی: "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە دەیان کەس دەستگیرکراون و هەڵمەتەکەمان بۆ نەهێشتنی قومارکردنەوە چڕکردووەتەوە".
تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی مادەی 389ـی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون.
بەپێی مادە یاساییەکە، هەر کەسێک قومارخانە یان شوێنی قومارکردن دابنێ، سزادەدرێت بە زیندانیکردن کە لە ماوەی ساڵێک زیاتر نەبێت، جگە لە پێبژاردنی دارایی.