کەشناسی: بەهۆی خۆڵبارینەوە مەودای بینین لە هەولێر و کەرکووک کەم دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو بەرەبەیانی سبەی بەهۆی خۆڵبارینەوە مەودای بینین لە هەولێر و کەرکووک کەم دەبێتەوە.
 
شەوی دووشەممە کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "دوای هاتنی شەپۆلێکی تۆز و خۆڵ لە نێوەڕاست و باشووری عێراق و دریژبوونەوەی کاریگەرییەکەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، مەودای بینین کەم دەبێتەوە".
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو بەیانی رۆژی سێشەممە، مەودای بینین "لە هەولێر کەم دەبێتەوە بۆ پێنج کیلۆمەتر و لە کەرکووک چوار کیلۆمەتر".
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شەپۆلەی خۆڵبارین لە سووریاوە هات و سەرەتا موسڵی گرتەوە، ئێستا گەیشتووەتە سنووری هەولێر و کەرکووک".
 
بە گوتەی ئەو شارەزایەی کەشوهەوا، "ئەم خۆڵبارینە کاریگەری ئەوتۆی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک نابێت".
 
لوقمان موفتی ئاماژەی بەوەشکرد: "لە دوو رۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین بەشێکی عێراق دەگرێتەوە و کاریگەریی بۆ سەر هەولێریش دەبێت".