لە لوڕستان کارەبای 59 فەرمانگە و دامەزراوەی حکومی بڕدرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، 59 فەرمانگە و دامەزراوەی حکومی لە پارێزگاکە سزادراون و کارەبایان لەسەر بڕدراوە.
رۆژی دووشەممە،11ی ئابی 2025، شێرزاد جەمشیدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا 59 فەرمانگە و دامەزراوەی حکومی بەهۆی زیاد بەکارهێنانی کارەبا سزادراون و کارەبایان لەسەر بڕدراوە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای لوڕستان دەڵێت، پێوێستە فەرمانگە حکومییەکان 20٪ کەمتر لە پار کارەبا بەکاربهێنن و لە کاتی کۆتاییهاتنی دەوام ئەو بڕە بگاتە 60٪.
شێرزاد جەمشیدی گوتی، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، چاودێریکردن و بەدواداچوونی تیمەکانیان بەردەوام دەبێت.
جەمشیدی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بەکارهێنانی کارەبا کەمتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن کارەبای پێویست بۆ هەموو هاوبەشەکان لە شار و گوندەکانی سنووری لوڕستان دابین بکەن.
هۆشداریش دەداتە ئەو هاوبەشانەی کارەبای زیاتر لە پێویست بەکاردەهێنن و دەڵێت، رێکاری جیدی لە بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە دەگرنەبەر و ئەو هاوبەشانە سزادەدرێن.
سەرەتای ئەم ساڵ، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، "ناهاوسەنگیی زۆر لە کەرتی وزەی وڵاتەکەیدا هەیە و بەم زووانە ناتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن"؛ جەختیشی کردەوە، پێشبینی دەکەن "کورتهێنانی کارەبا بۆ 25 هەزار مێگاوات بەرزبێتەوە."
ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە هاوینی ساڵی 2024ـەوە تووشی کێشەیەکی گەورەی کورتهێنانی گاز و کارەبا بوون و حکومەت ناچار بووە رۆژانە چەندین کاژێر کارەبا لەسەر ماڵان و کارگەکان ببڕێت.
بەشێکی بەرپرسانی ئێران، هۆکاری سەرەکیی کێشەکە بۆ بەکارهێنانی زیادی کارەبا لەلایەن خەڵک و فەرمانگەکانی ئەو وڵاتەوە دەگەڕێننەوە، بۆیە بەردەوام داوای هاوکاری لە خەڵک دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەش دان بەوەدا دەنێن لەم ساڵانەی دواییدا حکومەت وەبەرهێنانی پێویستی لە کەرتی وزەدا نەکردووە.