پشتێنەی سەوزی هەولێر دەستیپێکردووە؛ "ئەو شوێنانەی دەکەونە نێو ماستەرپلانی پڕۆژەکەوە لادەبرێن"

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، 10 رۆژە قۆناخی یەکەمی پشتێنەی سەوزی هەولێر لە رووبەرێکی نزیکەی 13 هەزار دۆنم زەوی دەستیپێکردووە. باسی لەوەش کرد، "ئەو شوێنانەی دەبنە بەربەست و دەکەونە نێو ماستەرپلانی پڕۆژەکەوە لادەبرێن."
 
رۆژی دووشەممە 11ی ئابی 2025 سەروەر وەیسی، بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە 10 رۆژە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێر لە دەوروبەری شەقامی 150 مەتری دەستیپێکردووە. وەکو قۆناخی یەکەم، لەسەر رووبەری 12 هەزار و 900 دۆنم زەوی بە پانیی دوو کیلۆمەتر، فستق و زەیتوون دەچێندرێن."
 
پڕۆژەکە بە هاوئاهەنگیی پرۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت. بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوتی، "پڕۆژەکە لە دوو قۆناخ پێکدێت و تێیدا حەوت ملیۆن دار دەچێندرێن و زیاتر لە 10 گۆمی دەستکردیش بۆ ئاودانی دارەکان دروست دەکرێن."
 
سەبارەت بە سوودی پڕۆژەکە، سەروەر وەیسی باسی لە سێ ئامانجی سەرەکی کرد و گوتی، "دەمانەوێت هەولێر لە خۆڵبارین بپارێزین و کاریگەرییەکانی کەم بکەینەوە؛ هەروەها پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان تاوەکو نەکرێنە پڕۆژەی وەبەرهێنان. بە پێگەیشتنی بەرهەمی زەیتوون و فستقیش هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێت."
 
ژمارەیەک خانوو، باخ و موڵک دەکەونە سنووری ماستەرپلانی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێرەوە. بەرپرسەکەی ئەندازەی پارکەکان گوتی، "هەموو ئەو شوێنانەی دەکەونە سنووری ماستەرپلانی پڕۆژەکەوە و بەربەستن، لادەبرێن."
 
سەروەر وەیسی ئاماژەی بەوەش کرد، بیرۆکەکە لەلایەن وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستانەوە پێشنیاز کرا، بەڵام لەلایەن UNDPـییەوە جێبەجێ دەکرێت.