دابەشکردنی ئاو لە بەشێکی کۆیە راگیرا


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە رایدەگەیێنێت، بەهۆی کارکردن لە شەقامی 40 مەتری، لە دوو شوێن بۆریی ئاو شکاوە، بۆیە بەناچاری پڕۆژەی ئاوی بۆگد – کۆیە وەستێنراوە. بەڕێوەبەرەکەیشی دەڵێت: "60٪ گەڕەکەکانی کۆیە دەگرێتەوە."
 
ئەمڕۆ 11ی ئابی 2025، هۆگر کەیفی، بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کاژێر 7:20 خولەکی بەرەبەیان ئاگاداریان کردینەوە کە بەهۆی ئیشکردنەوە لە شەقامی 40 مەتری کۆیە، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژە لە دوو شوێن بۆریی سەرەکیی 10 و 12 ئینجی شکاندووە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە، بە ناچاری پڕۆژی ئاوی بۆگد - کۆیە راگیراوە کە ئاوی بۆ نزیکەی 60٪ی گەڕەکەکانی قەزاکە دابین دەکرد.
 
دوای شکانەکە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە بە هاوئاهەنگیی کۆمپانیای جێبەجێکاری شەقامی 40 مەتری، سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆرییەکانن.
 
لەبارەی کاتی چاککردنەوە و دابەشکردنی ئاو بۆ ماڵان، بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە گوتی: "کاتەکە نادیارە و چاوەڕێی ئەوە دەکەین تاوەکو کەرەستەکانی چاککردنەوەمان بەتەواوی پێدەگات. هەرکات گونجاو بوو، دەست بە دابەشکردنی ئاو دەکەینەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە رایگەیاند، "داواکارین هاووڵاتییانی شارەکەمان، بە هۆشیاری و بە گوێرەی پێویست ئاو بەکاربهێنن، تاوەکو کاتی چاککردنەوەش هاوکار و هاوئاهەنگ بن."