سەرۆک بارزانی: هەموو دەستکەوتەکانی ئێستا درێژكراوەی قوربانیدانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوول
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی شۆڕشی ئەیلوول بە شۆڕشێکی رەسەن و خۆماڵیی كوردستان ناودەبات کە بووە هۆی ئەوەی دەستكەوتی گەورە بۆ گەلی كوردستان تۆمار بكرێن و رایدەگەیێنێت: "هەموو ئەو دەستكەوت و تێكۆشان و گەشەی سیاسیەی لە كوردستاندا هاتووەتە دی درێژكراوەی قوربانیدان و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا".
سەرۆك بارزانی لە یادی شەست ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی "مەزنی" ئەیلوول پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت: "شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەكداری و سەرتاسەریی گەلی كوردستان بوو لەپێناو مافە نەتەوەیی و مەدەنییەكانی گەلی كوردستان".
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێت: "شۆڕشی ئەیلوول ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ مرۆڤی كورد گەڕاندەوە و بووە بنەمایەكی بەهێزی سیاسی و فكری و جەماوەری بۆ خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری".
سەرۆک مەسعود بارزانی، شۆڕشی ئەیلوول بە شۆڕشێكی رەسەن و خۆماڵیی كوردستان ناودەبات "كە تێیدا هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی لە نەتەوە و ئایینە جیاجیاكان، لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەیەكەوە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون و، بۆ یەك ئامانجی پیرۆز خەباتیان كرد. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەروەری و مێژوو و دەستكەوتی گەورە بۆ گەلی كوردستان تۆمار بكرێن و لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان دەنگ بداتەوە".
سەرۆک بارزانی هەموو ئەو دەستكەوت و تێكۆشان و گەشەی سیاسیەی لە كوردستاندا هاتووەتە دی بە درێژكراوەی قوربانیدان و تێكۆشانی "ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە شۆڕشی ئەیلوولدا" ناودەبات و پێیوایە "وانە و بەهاكانی ئەو شۆڕشە مەزنە دەبێ بۆ هەموومان بە بەرزی بمێننەوە و ببنە رووناكی ڕێگەی داهاتوومان".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی رایدەگەیێنێت: "لە یادی شەست ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا، رێز و پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو قارەمان و خەباتگێڕانەی ماندوونەناسانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا رۆڵیان هەبووە و قوربانیان داوە، چ ئەوانەی لەناوماندا نەماون و ئەوانەی كە هێشتا لە ژیاندا ماون. لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی".