مەسرور بارزانی لە یادی شۆڕشی ئەیلوول جەخت لە 'پێویستیی یەکڕیزیی لایەنەکان' دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یادی شۆڕشی ئەیلوولدا دەڵێت، گۆڕینی راپەڕین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتمانیی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان. هەروەها جەخت لە 'پێویستیی یەکڕیزیی لایەنەکان'یش بۆ پاراستنی مافە دەستووری و دەستکەوتە نیشتمانییەکان دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 11-09-2022، لە یادی 61 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، شۆڕشی سەرجەم خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەکانەوە و دەشڵێت، "یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان" دیارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشەکە بوو "بەسەرکردایەتیی رابەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، بەهۆی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان "دوژمن ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە رەواکانی بنێت". باس لەوەش دەکات کە گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، "گۆڕینی راپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتمانیی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو لای هەموو هاووڵاتییانی کوردستان."
لە بەشێکی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە "پێویستیی هاوهەڵوێستی و یەکدەنگیی لایەنەکان" دەکاتەوە بۆ پاراستنی مافە دەستووری و دەستکەوتە نیشتمانییەکان.
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی یادی شۆڕشی ئەیلوول:
ئەمڕۆ یادی گەورەترین شۆڕشی گەلی کوردستان دەکەینەوە کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. ئەم شۆڕشە وەرچەرخانێکی مێژوویی و شۆڕشێکی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازییەکانەوە بە سەرکردایەتیی رابەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر.
یەکێک لە گرنگترین و بەهادارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوول، یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان بوو، کە بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان، دوژمن ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە رەواکانی دا بنێت لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی یازدەی ئادار.
هەروەها گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، گۆڕینی ڕاپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتیمانی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو لای هەمو هاووڵاتییانی کوردستان.
ئەمڕۆ کە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە، پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان، هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە پێناو داکۆکیکردن و پاراستنی مافە دەستووری و دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان، کە خەڵکی کوردستان، دەیان ساڵە لە پێناویاندا خەبات دەکات و قوربانییەکی زۆری داوە.
لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە رێز و پێزانینەوە، یادی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی ئەو شۆڕشە مەزنەی گەلی کوردستان دەکەینەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان