زبڵ و خاشاک سرووشتی جوانی خەرەندی رواندز دەشێوێنێت

 
رووداو - رواندز

زۆریی زبڵ و خاشاک خەریکە سرووشتی جوانی خەرەندی رواندز دەشێوێنێت، بەشێک لە هاونیشتمانییان دەڵێن، بۆنی پاشەڕۆ و زبڵ و خاشاک هاووڵاتییانی ناوچەکەی بێزار کردووە و بەشێک لە ماڵەکانی ناچار بە "داخستنی دەرگای ماڵەکانیان کردووە.
 
لە هەرسێ لای رواندز کە بە خەرەند دەورەدراوە، زبڵ و خاشاکی تێدەکرێت؛ شارەوانیی رواندز هەندێک رۆژ دەچن بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە، بەڵام خەڵک گلەییان هەیە و هاونیشتمانییەک دەڵێت، "بێزار بووین لەو دۆخە."
 
ژاکاو کەریم، هاونیشتمانییەکە لە قەزای رواندز، ماڵەکەی لە لێواری خەرەندە و بە رووداوی گوت، "خەڵکم بینیوە شەوان زبڵ و خاشاک دەهێنێت و فڕێی دەداتە خەرەندەوە، زۆر بێزاربووین لەو دۆخە." گوتیشی، شارەوانی بۆ پاککردنەوەی دێت، بەڵام هەموو رۆژێک نا.
 
هاونیشتمانییەکی دیکە ناوی سلێمان عەبدوڵڵایە و دەڵێت، لە پردی سەرووی خەرەند، تاوەکو دەگاتە خوارەوە، بە خۆڵ و خاشاک پیس کراوە، "بۆنەکەی کارەساتە."
 
بەشێک لە ماڵەکانی سەر خەرەند ئاوەڕۆکانیان شۆڕبووەتەوە بۆ نێو دۆڵەکەی خەرەند، لەوێشەوە تێکەڵی ئەو رووبارە دەبێت کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی چەندین گوندی ناوچەکەیە.
 
چیا محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی رواندز بە رووداوی گوت، "هاونیشتمانییان خاشاکەکانیان لەسەر شەقامەکان دانانێن بۆئەوەی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە فڕێی بدەن، بەڵکو خاشاکەکانیان فڕێدەدەنە نێو خەرەندی رواندز". بە پێویستیشی دەزانێت هۆشیاری تاک بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە زیاتر بکرێت.
 
لە سنووری رواندز و ئیدارەی سۆران بەگشتی هیچ کارگەیەکی ریسایکلین نییە و جگە لە خەرەند شوێنی دیکەش هەن کە فڕێدانی زبڵ و خاشاک تێیاندا بەردەوام گلەیی هاونیشتمانییان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
 
بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە سێ لای رواندز بە خەرەند دەورەدراوە. خەرەند شوێنێکی گەشتیارییە لە قەزای رواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.