نوێنەرێکی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا: دڵنیاییمان پێدرا گرێبەستی کەس هەڵناوەشێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرێکی گرێبەستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە وەزارەتەکەوە دڵنیایی پێدراوە گرێبەستەکان بەردەوام دەبن و هەڵناوەشێنەوە.
 
محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵام کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەت گفتوگۆم کرد، دڵنیاییان پێداین گرێبەستەکان هەڵناوەشێنەوە".
 
04ـی ئەم مانگە دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی بەشێکی  گرێبەستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاوبووەوە و ئەوکات د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو: "هیچ گرێبەستێکی خوێندنی باڵا هەڵناوەشێتەوە و بەردەوام دەبن لە ئەرکی خۆیان".
 
ئەو هەواڵەی بڵاوبووەوە تێیدا هاتبوو: "هەموو گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا، کە بڕوانامەی دکتۆرا یان ماستەریان نەبێت گرێبەستەکەیان هەڵدەوەشێندرێنەوە".
 
مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا ژمارەیان نزیکەی چوار هەزار کەسە و لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لە وانەبێژییەوە کرانە گرێبەست.
 
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بۆ رووداو، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی خویندنی باڵا تەنیا لە دەسەڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە و ئەویش ئێستا هیچ پلانێکی لەو شێوەیەی لەبەردەستدا نییە.