لە هەولێر ئاگر لە کارگەیەک کەوتەوە؛ 'مەرجەکانی سەلامەتی تێدا نەبوون'
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی هەولێر-بنەسڵاوە ئاگر لە کارگەیەک کەوتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە و کۆنترۆڵ کراوە.
رووداوەکە کاژێر 15:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-09-2025، لەسەر رێگەی بنەسڵاوەی کۆن لە هەولێر روویداوە و بەوهۆیەوە، کارگەیەکی سفتکردن (کەپس) کارتۆن بە تەواوی سووتا.
دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئێستا لە قۆناخی ساردکردنەوەداین.''
بەگوتەی موقەدەم شاخەوان سەعید، 12 تیمی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا بەشدار بوون.