چیرۆكی ئەو گەنجەی ناوەكەی لێی بووەتە بەڵا
رووداو - هەولێر
مەریوان محەممەد بابەكر، بەو ئومێدە رووی لە بەغدا كرد كە بڕوانامەیەك لەو دۆزەخە بهێنێتەوە، بەڵام تەقینەوەیەك لە نزیك ئەو بەشە ناوخۆییەی لێی دەمایەوە، سەرتاپای ژیانی ئەوی گۆڕی و خستییە كونجی زیندانی ئەمریكییەكان لە بەغدا. مەریوان لە زیندانی ئەمریكییەكان دەرچوو، كەچی زۆری نەبرد جارێكی دیكە كەوتەوە زیندان، بەڵام ئەمجارەیان زیندانی ئاسایشی گشتی هەرێمی كوردستان (هەولێر).
ناوەكەی خۆی گۆڕی
چیرۆكی ژیانی ئەو گەنجە پڕە لە نەهامەتی، دایكی بەشێك لەو نەهامەتیانە بۆ ناوەكەی دەگەڕێنێتەوە، مەریوان كاتێك لەلایەن ئەمریكییەكانەوە دەستگیر كراوە، ناوی خوبەیب بووە، دوای ئازادكردنیشی وەك دایكی باسی كرد، یەكەم كار كە كردی گۆڕینی ناوەكەی بووە لە خوبەیبەوە بۆ مەریوان.
چونكە ئەو لەلای دایكی باسی كردووە كە لە زیندانی ئەمریكییەكان پێیانگوتووە كێشەی تۆ تەنیا لە ناوەكەتدایە، بۆیە دەڵێت "كە هاتەوە یەكسەر ناوەكەی گۆڕی، چونكە دەردەسەری زۆری دیتبوو بەدەست ناوەكەی".
زولێخا حەسەن، دایكی مەریوان، چیرۆكی دەستگیركردنی كوڕەكەی لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی "كوڕەكەم قۆناغی سێی كۆلیژ بوو لە بەغدا، ساڵی 2005 تەقینەوەیەك لە نزیك بەشە ناوخۆییەكەیان روودەدات، لەوێ ئەمریكییەكان رەشبگیری دەكەن و كوڕەكەی منیش بەردەكەوێ، ماوەیەكی زۆر لە زیندان مایەوە و دواتر ئازادیان كرد".
دایكی مەریوان رەتیكردەوە كوڕەكەی دەستی لەو تەقینەوەیەدا هەبووبێ و گوتی "لە زیندان ئەفسەری لێكۆڵینەوە پێیگوتبوو تۆ دەستت لە هیچدا نییە، بەڵام ناوەكەت عەجیبە، ناتوانم بڕیاری ئازادكردنت بدەم".
مەریوان سەرەتا لە زیندانێكی ئەمریكییەكان بووە لە ناو شاری بەغدا، دواتر گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئەبوغرێب لە باشووری بەغدا، پاشان گواستراوەتەوە بۆ زیندانی بوكا لە بەسرا، دواجار هێنراوەتەوە زیندانی تاجی لە بەغدا و لەوێ بێ دادگایی ئازاد كراوە.
بەپێی قسەی دایكی مەریوان، كوڕەكەی بە درێژایی ئەو ماوەیەی لەلای ئەمریكییەكان زیندانی بووە، دادوەری نەبینیوە دوای ئەوەی دەركەوتووە دەستی لە هیچدا نەبووە، رۆژی 18/1/2012 ئازاد كرا.
"ئاسایش بە تاكسی رفاندیان"
دوای ئازادبوونی، مەریوان دەست بە ژیانێكی تازە دەكاتەوە و دوای ئەوەی ناوەكەی دەگۆڕێت، ژنیش دەهێنێ و رۆژانە كرێكاری دەكات. بەڵام نیوەڕۆیەكی مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو لەلایەن ئاسایشەوە دەڕفێنرێت.
رەنجدەر عەبدولڕەزاق، مێردی خوشكی مەریوان كە ئەوكات پێكەوە لە خانوویەكدا بوون، باسی دەستگیركردنەكەی كرد، ئەو دەڵێت "رفاندیان.. نیوەڕۆی رۆژی 17/7/2012 من لە ماڵەوە دانیشتبووم، لە دەرەوە بووە دەنگە دەنگ، مەریوان ماتۆڕێكی هەبوو، لەڕێگە تاكسییەك دوای كەوتبوو، ئەویش لەبەردەم ماڵی خۆمان ماتۆڕەكەی لە دەست دەرچوو بوو بە دەرگاكە كەوت، كە چوومە دەرەوە، كەسێك بە جلی مەدەنی دەمانچەی لێڕاكێشام و گوتی بڕۆ ژوورەوە، دوایی كە دەنگەدەنگ نەما چوومە دەرەوەو ئینجا زانیم مەریوانیان بردووە".
رەنجدەر گوتی "هەر زوو كەناڵەكانی راگەیاندنمان ئاگادار كردەوە كە مەریوان رفێندراوە، رۆژی دواتر ئاسایش بەیاننامەیەكی دەركرد و رایگەیاند كە مەریوان لەلای ئەوانە".
دایكی مەریوانیش باسی ئەو رۆژە دەكات "هەر لەوێ زۆریان لێدابوو.. عەینەكەكەیان شكاندبوو، جلەكانیان لەبەردا دڕاندبوو". گوتیشی "هەرزوو رێكخراوی خاچی سوور و پەرلەمانمان لێ ئاگادار كردەوە، بۆیە زۆری نەبرد ئاسایش رێگەیانداین بچینە سەردانی".
سەبارەت بە پەیوەندی مەریوان بە حیزب و رێكخراوە ئیسلامییەكانەوە، دایكی مەریوان دەڵێت "كوڕەكەم ئەندامی هیچ حیزبێكی ئیسلامی نەبوو، تەنیا بزووتنەوەی ئیسلامی خۆشدەویست، چونكە باوكی بزووتنەوە بوو، لە شەڕی نێوان یەكێتی و بزووتنەوە شەهید بوو".
دایكی مەریوان ئێستاش نازانێت كوڕەكەی بە چ تۆمەتێك دەستگیر كراوە "هەموو جارێك كە سەردانی دەكەین لە زیندانی ئاسایش، پێماندەڵێت ئێستاش نازانم لەسەر چی منیان گرتووە، هەر كەسێكیش دەستگیر دەكرێت رووبەڕووی منی دەكەنەوە و دەڵێن ئەو كوڕە دەناسی؟". بەپێی قسەی دایكی، مەریوان ئێستا لە زیندان تووشی نەخۆشی سەرع بووە و دەبێت مانگانە چارەسەری بۆ ببەن، دەڵێت "لە خەم و خەفەتان تووشی ئەو نەخۆشییە بووە".
"ساڵێك و سێ مانگەگیراوە و دادگایی نەكراوە"
هەرچەندە مەریوان زیاتر لە 14 مانگە لە زیندانی ئاسایشە، بەڵام بەپێی قسەی دایكی تاوەكو ئێستا دادگایی نەكراوە. دایكی مەریوان دەڵێت "كوڕەكەم بەردەوام دەڵێت بەس دادگایی بكرێم، یەكسەر ئازاد دەكرێم، چونكە هیچ تاوانێكم لەسەر نییە".
بەڵام مەریوان لەلای دایكی گوتوویەتی "زوو زوو كەسێك دێت هەندێك پرسیاری لێدەكات و دەڕوات، دوایینجاریش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردووە تەنیا لێیان پرسیوە ناوت چییە و چ كارەی".
(رووداو) لە ژمارەی رابردوویدا دوو وێنەی بڵاوكردەوە كە لە سەرچاوەیەكی ئاسایشەوە دەستیكەوتبوون و گوایە دوو لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەكانی رۆژی 29ی ئەیلولی بەردەم ئاسایشن، لەژێر یەكێك لەو وێنانەدا كە ئێستا لەلای ئاسایشە، نووسرابوو خبیب محمد ابابكر اكو (والی الشمال). بەڵام دوای ئەوەی ئاسایشی گشتی نكۆڵی لەو زانیارییە كرد، (رووداو) روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
كەسوكاری مەریوان سەرسوڕمانی خۆیان لەو زانیارییە دەردەبڕن كە هاوپێچی وێنەكە بۆ (رووداو) نێردراوە و دەڵێن "ئەو هەرزوو ناوی خۆی گۆڕی، ئەو وێنەیەش لەوانەیە هی ئەوكاتە بێت كە لەلای ئەمریكییەكان بووە، چونكە ئەو ئێستا لە بەڵگەنامەی فەرمی ناوی خوبەیب نییە و هەر پاش گیرانیشی بە ئاسایشی گوتبوو كە ناوی خۆی گۆڕیوە".
دایكی مەریوان دەڵێت "باشە ئەگەر ئەو والی شیمال بووایە، پێتوایە ئەمریكییەكان وا بە ئاسانی ئازادی بكەن؟".
ئەوان دەڵێن كوڕەكەیان لەدایكبووی 1982ەو هەرگیز چەكدار نەبووە "چۆن كەسێك بەو بێ ئەزموونییە دەكرێتە والی شیمال؟.. شیمالی كوێ؟".
"دۆسیەكەی لەلای بارزانییە"
د.ئەحمەد وەرتی، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، كە بەدواداچوونی زۆری بۆ دۆسیەی مەریوان كردووە، بە (رووداو)ی گوت كە لە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونەیاندا دەركەوت جگە لەو، 12 كەسی دیكەش دەستگیر كراون "بەڵام شێوازی گرتنەكەی مەریوان نایاسایی بوو، چونكە بە جلی مەدەنی و بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی دەستگیر كرابوو".
وەرتی، لە درێژەی قسەكانیدا گوتی "هەر دوای دەستگیركردنی پەیوەندیمان بە ئاسایشەوە كرد، ئەوان گوتیان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكەین و دەیدەینە دادگا، بەڵام تاوەكو ئێستا دادگایی نەكراوە، نەمزانیوە پارێزەریشی هەبێ، تاوەكو ئێستا نەیانگوتووە بە چ تۆمەتێك دەستگیریان كردووە".
هەروەها گوتی "قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی كرد و پێمانگوت ئەگەر بەو تۆمەتەی پێشتر لەلایەن ئەمریكییەكانەوە دەستگیركرابوو، گیرابێ، ئەوا ئەو تۆمەتەی لەسەر ساخ نەبووەوە و ئازاد كرا، بۆیە هەق نییە لە زیندان بێت".
د.ئەحمەد وەرتی، كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامیشە، دەڵێت ئەوان هەر بەوەندە وازیان نەهێناوە، بەڵكو دۆسیەكەیان گەیاندووەتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان. وەرتی گوتی "ئەو مەسەلەیەمان لە رێگەی ئازاد مەلا فەندی، راوێژكاری یاسایی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە گەیاندووەتە بەڕێز مەسعود بارزانی، لەگەڵ كاك ئازاد دانیشتین و ئەو پێیگوتین كە بە راپۆرتێك ئەو دۆسیەیەی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناردووە". بەڵام گوتی "تاوەكو ئێستا ئەنجامەكەمان بەدەست نەگەیشتووە، ئێمە وەكو فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی داوای دیدارێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستانمان كردووە، ئەگەر ئەو دیدارە ئەنجام درا، دۆسیەی مەریوانی لەگەڵ باس دەكەین".
(رووداو) پەیوەندی بە ئاشتی مەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاسایشی گشتی هەرێمی كوردستانەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوو قسە لەسەر دۆسیەی مەریوان بكات.
بەگوێرەی یاسای كارپێكراو لە هەرێمی كوردستان، تۆمەتبار دەبێ لەماوەی 24 كاژێردا ببرێتە بەردەم دادوەر و ئەو تۆمەتەی بەرەوڕوو بكرێتەوە كە لەسەری گیراوە.
لە زیندانەكانی ئاسایشدا ژمارەیەك گیراو هەن بەتۆمەتی تیرۆر كە ساڵانێكی درێژ بەسەر راگیرانیاندا تێپەڕیوە، ئەوە كێشەیەكی یاسایی بۆ دادگاكانیش دروست كردووە بەوپێیەی دەستگیركردنی زۆربەیان پێش دەرچوونی یاسای ژمارە 3ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بووە كە ساڵی 2006 پەسەند كراوە، بەڵام كێشەی مەریوان ناكەوێتە ئەو چوارچێوەیەش.