بزووتنەوەی گۆڕان داوای لێبووردن لە دەنگدەرانی دەکات: بەربژێرەکانمان سەرنەکەوتن

 
رووداو دیجیتاڵ

خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لێبووردنی لە دەنگدەرانی کردووە و دەڵێت، "بەربژێرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەهێنا و سەرنەکەوتوون".

خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، دان بەوەدا دەنێن کە "هەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بووە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتییەکان، بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەهێناوە".

هەر لەو راگەیێندراوەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکەدا هاتووە، "بە راشکاوی دەڵێین پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوەی ریشەیی بزووتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتووە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردووە، وەک چۆن زۆرینەی ھاووڵاتییان ھەمان شتیان کردووە".

هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بەرپرسیارێتی ئەو "واقیعە تاڵە" هەڵدەگرن و "لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکاریی ریشەیی دەکەین".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، هیچکام لە بەربژێرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
 
 دەقى راگەیێندراوی خانەى راپەڕاندنى بزووتنەوەى گۆڕان:
 
ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان..
‎گۆڕانخوازان ..
 
‎ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتون.
 
‎لێرەوە، دوای سوپاس و پێزانینمان بۆ بانگەشەکاران و ھەڵسوڕاوانی دڵسۆز، داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین و، دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتیەکان بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەھێناوە.
 
‎بە راشکاوی دەڵێین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوە، وەکچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان کردوە.
 
‎ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرین و، لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکاری ریشەیی دەکەین.
 
‎خانەی راپەراندن
١١ی١٠ی٢٠٢١