یەکێتیی نیشتمانی کوردستان: کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەولێر رەتدەکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

مەجید حەمەد ئەمین، بەرپرسی بازنەی یەک لە لیژنەی باڵای مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەنجامەکان دەستکاری کراون و کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە رەتدەکەینەوە".
 
مەجید حەمەدەمین، بەرپرسی بازنەی یەک لە لیژنەی باڵای مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی دەڵێت، "لە هەر چوار بازنەی پارێزگای هەولێر یاری بە ئەنجامەکان کراوە و دەنگی بەربژێرانی هاوپەیمانیی کوردستان، یەکێتی و بەشێک لە لایەنەکانی دیکە کەمکراونەتەوە؛ ئامێرەکان دەستکاری کراون. لە سنووری بازنەی یەک، بەربژێری ئێمە 28 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و کورسیی سێیەمی بردووەتەوە، بەڵام کراوەتە چوارەم" 
 
ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەشڵێت، "پێچەوانەی بڕیار و رێنماییەکانی کۆمیسیۆن، هێزی چەکدار بەکارهێنراوە و لەکاتی گواستنەوەی سندووقەکان و ناردنی ئەنجامەکان، نوێنەرانی ئێمە دەرکراون و دوورخراونەتەوە. گرتەی ڤیدیۆییمان لایە کە ئامێری دەنگدان بردراوەتە دەرەوەی بنکەکان و گەڕێندراوەتەوە؛ بەڵگەمان هەیە کە دەستکاری هەندێک لە سندووقەکان کراوە و کراونەتەوە".
 
بەرپرسی بازنەی یەک لە لیژنەی باڵای مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر هەروەها دەڵێت، سکاڵایان تۆمارکردووە و رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن تاوەکو ئەو کاتەیە کە ئەنجامی سکاڵاکان بەدیاردەکەوێت و لە بەغدا هەر بڕیارێک بدرێت قبووڵی دەکەن.
 
ئەوە لە کاتێکدایە لە بازنەی 1ی پارێزگای هەولێر سنووری سۆران دەگرێتەوە، بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیکەوتوون، چوار بەربژێری پارتی لەو بازنەیەدا سەردەکەون.
 
وەکو پەیامنێری رووداو گوتی، نەهرۆ مەحموود یەکەم بووە و زیاتر لە 40 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، محەممەد سەدیق دووەم بووە و زیاتر لە 37 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، سیپان شێراونی لە پلەی سێیەمە و نزیکەی 34 هەزار دەنگی بردووەتەوە و فەیسەڵ کەریم خان چوارەم بووە و زیاتر لە 24 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام بەو پێیەی دەبێت لە شوێنی براوەی چوارەم کە فەیسەڵ کەریم خانە، ژنێک لە شوێنی ئەو وەکو کۆتا سەربکەوێت، بەربژێرێکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە جوان عەبدوڵڵایە و 13 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، دەچێتە پەرلەمانی عێراق.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە بازنەی 2ی پارێزگای هەولێرەوە هەیە کە 4 کورسیی هەیە، ئەنجامەکان بەم جۆرەن: خدر عەلی مەنتک، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان 27758 دەنگی بردووەتەوە و لە پلەی یەکەم دێت؛ وەزیرە ئەحمەد برایم، بەربژێری نەوەی نوێ 23321 دەنگی بردووەتەوە؛ ئامانج مەحموود، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستنان 18973 دەنگی بەدەستهێناوە و کوردۆ عومەر، بەربژێری هاوپەیمانیی کوردستان 14322 دەنگی بردووەتەوە.
 
پەیوەست بە بازنەکانی دیکەوە، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، دوو بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری بازنەی 3 و بەربژێرێکی نەوەی نوێش لە هەمان بازنە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە؛ لە بازنەی چواریش پارتی 3 کورسی و نەوەی نوێش کورسییەک دەبەنەوە.
 
لە بازنەی سێ کە سێ کورسیی هەیە و رۆژئاوای سەنتەری شاری هەولێر دەگرێتەوە، ئەنجامەکان و براوەکان ئەمانەن:
 
1- رێبوار هادی، پارتی دیموکراتی کوردستان: 13 هەزار و 268 دەنگ.
2- ڤیان عەبدولعەزیز، نەوەی نوێ: 12 هەزار و 398 دەنگ.
3- لەیلا ئەکرەم سەعید، پارتی دیموکراتی کوردستان: 8 هەزار و 436 دەنگ.
 
بازنەی 4ی پارێزگای هەولێر، ناوچەکانی حەسارۆک، شۆڕش، باداوە، زانکۆ، سی مەتری، رووناکی، سەیداوە، برایەتی و راپەڕین دەگرێتەوە، چوار کورسیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت و یەکێک لە بەربژێرە سەرکەوتووەکان کۆتای ژن دەبێت. لەم بازنەیەش بەربژێرێکی نەوەی نوێ دەرچووە و دوو بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە دەنگی خۆیان دەردەچن. بۆ کورسیی چوارەم، عەبدولستار مەجید لە کۆمەڵی دادگەری زیاتر لە 14 هەزار دەنگی بردووەتەوە، بەڵام دەبێت کورسییەک بۆ کۆتای ژن بێت و هەربۆیە کورسییەکە دەدرێتە نەهلە قادر لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە زیاتر لە 12 هەزار دەنگی بردووەتەوە.
 
ئەنجامەکانی ئەو بەربژێرانەی زۆرترین دەنگیان لەو بازنەیە بەم جۆرەیە:
 
1- محەممەد ئیسماعیل عومەر، نەوەی نوێ،  25 هەزار و 598 دەنگ.
2- مەریوان قەرەنی ئیبراهیم، پارتی دیموکراتی کوردستان، 18 هەزار و 480 دەنگ.
3- سەباح سوبحی حەیدەر، پارتی دیموکراتی کوردستان، 16 هەزار و 798 دەنگ.
3- عەبدولستار مەجید، کۆمەڵی دادگەری، 14 هەزار و 370 دەنگ.
4- نەهلە قادر محەمەد، پارتی دیموکراتی کوردستان، 12 هەزار و 261 دەنگ.