ئەنجامی بەرایی.. لە دوو بازنەی هەولێر بەربژێرانی پارتی یەکەمن و لە دوو بازنەش بەربژێرانی نەوەی نوێ
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی دەنگدانی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو ئەنجامە پارتی لە دوو بازنە و نەوەی نوێش لە دوو بازنە یەکەمن.
بەپێی ئەنجامەکە لە بازنەی یەکی پارێزگای هەولێر کە سنووری سۆران دەگرێتەوە، نەهرۆ مەحموود 29 هەزار و 694 دەنگ، سیپان عەزیز 25 هەزار و 233 دەنگ، محەممەد سدیق 24 هەزار و 128 دەنگ، فەیسەڵ کەریم خان 18 هەزار و 443 دەنگ و کوردەوان جەمال 11 هەزار و 90 دەنگ و جوان عەبدوڵڵا 9 هەزار و 174 دەنگیان بەدەستهێناوە.
لەو بازنەیە 4 بەربژێر براوە دەبن، بەڵام دەبێت یەکێکیان کۆتای ژن بێت و لەسەر ئەو بنچینەیەش هەریەکە لە نەهرۆ مەحموود، سیپان عەزیز، محەممەد سدیق و جوان عەبدوڵڵا سەردەکەون و هەر چواریشیان بەربژێری پارتین.
ئەوەی کە پەیوەندی بە بازنەی دووی هەولێرەوە هەیە کە 4 کورسی هەیە، ئەنجامەکان بەم جۆرەن: وەزیرە ئەحمەد، بەربژێری نەوەی نوێ 18 هەزار و 459 دەنگ، خدر عەلی سادق، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان 17 هەزار و 992 دەنگ، ئامانج مەحموود، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان 15 هەزار و 882 دەنگ، کوردۆ عومەر، بەربژێری هاوپەیمانیی کوردستان 13 هەزار و 846 دەنگیان بەدەستهێناوە و ئەمانە دەبنە پەرلەمانتار.
ئەوەی کە پەیوەندی بە بازنەی سێ-وە هەیە، ئەنجامەکان بەم جۆرەن: رێبوار هادی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان 17 هەزار و 202 دەنگ، ڤیان عەبدولعەزیز، بەربژێری نەوەی نوێ 11 هەزار و 663 دەنگ، لەیلا ئەکرەم سەعید، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان 7 هەزار و 78 دەنگ. لەم بازنەیەدا هەرێمی کەمال ئاغا کە بەربژێری هاوپەیمانیی کوردستانە 7 هەزار و 770 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کە دەبێت کورسییەک بۆ کۆتای ژن بێت، لەیلا سەردەکەوێت.
پەیوەندیدار بە بازنەی 4ی هەولێر، 4 بەربژێر سەردەکەون؛ ئەو بەربژێرانەی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە ئەمانەن:
محەممەد ئیسماعیل عومەر، نەوەی نوێ، 17 هەزار و 913 دەنگ. مەریوان قەرەنی ئیبراهیم، پارتی دیموکراتی کوردستان، 15 هەزار و 118 دەنگ. سەباح سوبحی حەیدەر، پارتی دیموکراتی کوردستان، 12 هەزار و 404 دەنگ. عەبدولستار مەجید، کۆمەڵی دادگەری، 10 هەزار و 849 دەنگ. نەهلە قادر محەمەد، پارتی دیموکراتی کوردستان، 9 هەزار و 995 دەنگ.
هەرچەندە عەبدولستار مەجید لە نەهلە قادر دەنگی زیاتری هێناوە، بەڵام سەرناکەوێت و نەهلە دەبێتە پەرلەمانتار، چونکە دەبێت کورسییەک بۆ کۆتای ژن بێت.