منداڵێک لە تەقتەق کەوتە نێو حەوزی ماسی و گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سنووری تەقتەق لە قەزای کۆیە، منداڵێک کەوتە نێو حەوزێکی ماسی و خنکا.
منداڵەکە ناوی رێنوار رێبوارە و تەمەنی ساڵێک و دوو مانگ بوو. عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کەسوکاری منداڵەکە خۆیان تەرمەکەیان دەرهێناوە و بردوویانەتە دادپزیشکی.
ئەمە هەشتەم رووداوی خنکانە ئەمساڵ لە سنووری کۆیەدا تۆمارکرابێت؛ پێنجیان لە زێی بچووکدا خنکاون و سێ کەسەکەی دیکەش لە حەوز و بیردا.
بەگوێرەی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
بەگوێرەی ئامارەکە تاوەکو ئەو رێککەوتە، 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، 19 لە پارێزگای دهۆک، 14 لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە خنکاون.