نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئیتاڵیا: پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە سەیری یەکڕیزیی نێوخۆ بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێشوازیی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەیاندا هەردووکیان جەختیان لەوە کردەوە 'دەبێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە سەیری یەکڕیزیی نێوخۆ بکەن.'
رۆژی چوارشەممە،11-10-2023، ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا له عێراق، هاتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا، لە کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی چەندین پرسیان کرد و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێگەی دیالۆگ و بەپێی دەستووری عێراقی فیدراڵ چارەسەربکرێن.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە سەیری یەکڕیزیی نێوخۆ بکەن.
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، هەروەها باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و عێراق و هەرێمی کوردستان، کار و چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا بەتایبەت لە بواری شوێنەوارناسیدا کرد.