کەشناسی: پێنجشەممە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە نمەباران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نمەباران دەبارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، ئەم شەپۆلە بارانە تاوەکو نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بارانی زیاتر دەبارێت.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆوە رایگەیاند، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو؛ لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نمەباران بەردەوامی دەبێت تاوەکو دوای نیوەڕۆ.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی پێنجشەممەوە کەشناسی دەڵێت، ئاسمان بەگشتی لە نێوان نیمچە هەور بۆ پەڵە هەور دەبێت. لە کاتەکانی بەرەبەیانی زوودا ئەگەری نمەباران هەیە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەیە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم شەپۆلە بارانە لاوازەی ناوچەکەی گرتووەتەوە تاوەکو نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بارانی باشتر دەبارێت بەراورد بە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە".
شاڵاو هیدایەت دەڵێت، شەپۆلێکی بارانبارین بۆ 15 و 16ـی ئۆکتۆبەر هەیە، بەڵام جارێ روون نەبووەتەوە کە بارانی بەلێزمە دەبێت یان شەپۆلێکی لاواز. گوتیشی، "بارانی بەهێزی ئەمساڵ زۆرینەی لە مانگەکانی 11 و 12 دەبێت و بارانی زۆر باش دەبارێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی پێنجشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 32 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 29 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 30 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 35 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 31 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 30 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 20 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 27 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 36 پلەی سیلیزی