لە شەش مانگدا لە کرماشان دەست بەسەر زیاتر لە هەزار پارچە چەکدا گیراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە شەش مانگدا دەستیان بەسەر زیاتر لە هەزار و 100 پارچە چەکی نایاساییدا گرتووە، گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا دەستیان بەسەر 315 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە.
 
ئێوارەی پێنجشەممە 10-10-2024، مەهدی حاجیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان راپۆرتی کار و چالاکیی شەش مانگی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی تاوانەکان لە سنووری پارێزگاکە، لە سەرەتای نەورۆزەو تاوەکو 21-09-2024 دەستیان بەسەر هەزار و 186 چەکی جۆراوجۆری نایاساییدا گرتووە.
 
مەهدی حاجیان گوتی، هەر لەو ماوەیەدا بەروارد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، رێژەی دزی 22٪ کەمیکردووە، ''بەڵام بەهۆی هەوڵەکانمانەوە لە هەموو بنکەکانی پۆلیس، دەستگیرکردنی دزی چەکدار، 12٪ زیاتر بووە.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان، لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا، لە سنووری پارێزگاکە دەستیان بەسەر 315 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە و دەستگیرکردنی فرۆشیارانی مادەکەش بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، 10٪ زیادیکردووە. 
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵی هەتاوی (21-03-2025) لانیکەم 80٪ـی بنکەکانی پۆلیس لە سنووری پارێزگاکە سیستمێکی بەهێزی چاودێرییان بۆ دادەندرێت و دەتوانن لە رێگەی شاشەکانەوە (ژووری چاودێری)، بە وردی سنووری تایبەت بە خۆیان کۆنترۆڵ بکەن.