گووگڵ لە ئەی ئای ستۆدیۆ و جێمینای بەشی دەنگ بۆ زمانی کوردی چالاک دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای گووگڵ لە "گووگڵ ئەی ئای ستۆدیۆ" و "گووگڵ جێمینای،" خزمەتگوزاریی دەنگی بۆ تێکست بۆ وەرگرانی کوردیزان چالاک کرد.
 
بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشی دەنگ بۆ کوردی لە گووگڵ ئەی ئای ستۆدیۆ چالاک کرا، واتە دەتوانێت راستەوخۆ دەنگ یان ڤیدیۆ بکاتە تێکست."
 
بۆکان جاف پێشتر رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە زیادکردنی زمانی کوردی بۆ وەرگێڕانی گووگڵ و دەڵێت، "هەبوونی زمانی کوردی لە وەرگێڕانی گووگڵدا کاریگەرییەکی باشی هەبووە بۆ سیستمی ئەی ئای ستۆدیۆ، کە ئێستا دەتوانێت دەقە دەنگییەکان بە کوردی بنووسێتەوە."
 
لەبارەی وەرگێڕانی دەقی قسەی نێو ڤیدیۆ یان دەنگەکان، بۆکان جاف گوتی، "بە جۆرێکە کە قسەکەری دەنگ یان ڤیدیۆکە کوردی بوو دەقی قسەکە دەنووسێتەوە بە کوردی، دواتر دەتوانیت داوا بکەیت دەقەکەش بکاتە ئینگلیزی."
 
بۆکان جاف ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیای گووگڵ بەشی دەقی بۆ دەنگی بۆ کوردی لە گووگڵ جێمینای چالاککردووە، لەوانەش لەسەر مۆبایل.