تەنیا یەک نیڤشکان بەربژێرە بۆ هەڵبژاردن؛' لە دۆخی خەڵکی هاوشێوە تێدەگەن'
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی تەواوی بەربژێرەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تەنیا یەک بەربژێری نیڤشکان هەیە، ئەو بە رووداوی راگەیاند، ''پڕۆژەم زۆرە و دەمەوێت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رێگەی تایبەتیان بۆ دروست بکرێت.''
مەسعود ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی ژین بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رۆژی شەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یەک خاوەن پێداویستیی تایبەت خۆی بەربژێر کردووە.
د. سندوس عەلی عەباس، دەرچووی بەشی یاسایە و بەربژێرە و دەڵێت، "ئێمە پشتگیری هەموو ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە دەکەین خۆیان بەربژێر دەکەن، چونکە لە پێویستییەکانی کەسانی هاوشێوەی خۆیان تێدەگەن."
ساڵی رابردووش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە لە تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو دوو خاوەن پێداویستی تایبەت بەربژێر بوون لە لیستی جیاواز، یەکێکیان بەربژێر لە لیستی پارتی و ئەوی دیکەش بەربژێرێکی سەربەخۆ بوو، هیچیان دەنگی پێویستیان بۆ چوونە پەرلەمان بەدەستنەهێنا بۆ چوونە پەرلەمانی کوردستان .''
د. سندوس عەلی عەباس، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین، نیڤشکانە و لەسەر لیستی هەڵوێست خۆی بەربژێر کردووە لە بازنەی هەولێر، ئەو بە رووداوی راگەیاند: " پڕۆژەم زۆرە، بەتایبەتی بۆ خزمەتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، چونکە زۆر بابەت لە یاساکانی تایبەت بە ئەوان هەیە وەکو خۆیان جێبەجێ ناکرێن، بەپێی پێویست ئاوڕ لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نەدراوەتەوە."
ئەو بەربژێرە دەڵێ : "پڕۆژەکانم بۆ خێزانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە، هەروەها خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خۆشیان، لەوانە دروستکردنی رێگەی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هەروەها زیادکردن و هەموارکردنەوەی کۆمەڵێک بڕگە و مادەی نوێ بۆ یاسای تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ئەو کارانە ئامانجی سەرەکی منە.''
بڕیارە لە 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت و 7768 بەربژێر کێبڕکێی بەدەستهێنانیان دەکەن.