بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری: هەڕەشەكانی گۆڕان جێی قبووڵ نین

رووداو – هەولێر

بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، كە ئەوان قبووڵی هەڕەشەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ناكەن لەسەر پارێزگاری سلێمانی.

لاهوور شێخ جەنگی، کە پێشتر بەرپرسی یەکەی دژە تیرۆری یەکێتی بووە و ئێستا وەک خۆی دەڵێت سەرۆكی دەزگای  پاراستن و زانیاری هەرێمی کوردستانە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، وەڵامی هەڕەشەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەداتەوە لەسەر لابردنی پارێزگاری ئێستای سلێمانی ‌و دەڵێ "ئەو هەڕەشانە جێی قبووڵكردن نین".

 سەبارەت بەوەی كە گۆڕان گوتبووی بەخۆشی بێت یان ناخۆشی دەبێت بەهرۆز حەمە ساڵح بگۆڕدرێ، سەرۆكی دەزگای پاراستن و زانیاری هەرێمی کوردستان دەڵێ "ئەم مەسەلەیە هەرەشە و چاوسورکردنەوە بەکاربهێنن، ئەوە مەیدان و فەرموون وەرنە مەیدان
بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری نووسیویەتی "وەك كادرێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، زۆر بەداخ‌و نیگەرانم لەو بارودۆخەی ئێستای یەكێتی تێكەوتووە، لەهەموو لایەكەوە قسەی لەسەر دەكرێت‌و پەلامار دەدرێت وەك ئەوەی تەنیا حیزب لەكوردستان یەكێتی بێت گرفت‌و كێشەی هەبێت، لەبەرانبەریشدا سەركردایەتی یەكێتی هیچ وەڵامدانەوەیەكی نییەو بێباكە، پێموایە كاتی ئەوە هاتووە ئێمەی كادرانی خوارەوە بەرپرسیارییەتی ئەم دۆخە هەڵبگرین‌و پارێزگاری لەحیزبی شەهیدان‌و دەستكەوت‌و سەروەرییەكانی یەكێتی بكەین، چونكە لاوازبونی یەكێتی بەمانای لاوازبونی ئازادی‌و دیموكراسییە".

لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا لاهوور شێخ جەنگی رووی قسەكانی دەكاتە نەوشیروان مستەفا و دەنووسێت "قسەكانتان وەك هەڕەشەو چاوسوركردنەوە دەردەكەوێت وەك ئەوەی بیرت لەوەكردبێتەوە یەكێتی بێخاوەنە، دەتانەوێت لەم رێگەیەوە كێشەو گرفتەكان چارەسەربكەن تەنانەت لەكۆبوونەوە نهێنییەكانتان باس لەوە دەكەیت بەم هەڕەشانە ئەژنۆی یەكێتیت شكاندووە، بۆیە پێمباشە ئەگەر یادەوەریتان كزبووە جارێكی تر بۆ مێژوو ئەوە بهێنمەوە یادتان، كە یەكێتی نە كەمی كردووەو نەدرەنگیش هاتووە، خۆشتان دەزانن یەكێتی چ هێزیكی كاریگەرەو هیچ كاتێك لەهەڕەشەو چاوسوركردنەوە نەترساوەو ناترسێت، ئەم هەڕەشانەش خزمەت نە بەخەڵكی كوردستان‌و سلێمانی دەكات نەخزمەت بەگۆڕانیش دەكات، ئەگەر دەتانەوێت بۆ چارەسەركردنی ئەم مەسەلەیە هەڕەشە‌و چاوسوركردنەوە بەكاربهێنن، ئەوە مەیدان‌و فەرموون وەرنە مەیدان‌و چاوەڕوانی ئەوەبە وەك قسەكانی خۆت مامەڵە بكەین".

لاهوور شێخ جەنگی، دانا ئەحمەد مەجید پارێزگاری پێشووی سلێمانی، كە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە تۆمەتبار دەكات بە دواكەوتنی پرۆژەو پێشكەوتنی شاری سلێمانی و كارەكانی پارێزگاری ئێستای شارەكە بەراورد بە پارێزگاری پێشوو بە "سەركەوتوو" وەسف دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) كە لە سەرچاوەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستیكەوتوون، گۆڕان سوورە لەسەر ئەوەی لە 21/11/2013 پارێزگارێكی نوێ لە سلێمانی لەجێی پارێزگاری ئێستای سەر بە یەكێتی دەستبەكار ببێ.

كاوە عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەموو كات دەتوانن پارێزگارێك بۆخۆیان هەڵبژێرن ئەگەر لەناو ئەنجوومەنی پارێزگابێ یان لە دەرەوەی پارێزگا “بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارە بەرامبەر بۆشایی یاسایی لە هەرێمی كوردستان، ئەو بۆشاییە یاساییە وای كردووە دەنگی خەڵك كاری پێنەكرێ”. گوتیشی “بۆیە ئێستا ئەنجوومەن دەتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ پارێزگار بكەن و لە پۆستەكەی لایببەن و پارێزگارێكی نوێ دابنێن”.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و هەڵسوڕاو و باژێروانەكانی بزووتنەوەكە كۆبووەوە و گوتی “سێ هەڵبژاردنە ئێمە لە پارێزگای سلێمانی یەكەم دەبین، بەڵام دەبینین لەجیاتی ئەوەی پۆستە ئیدارییەكانمان رادەست بكرێ یان ببینە شەریك، رۆژانە ئەندامان و هەڵسوڕاوانمان سزا دەدرێن، ئێستا دەپرسین ئێمە چی بكەین”.

دانا عەبدولكەریم، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت پارێزگاری ئێستای سلێمانی “نایاساییە” و ئەو قسانەش كە دەكرێن بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی “هیچ قورساییەكیان نییە، یان ئەوەتا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 21/11 ئەنجام بدرێ، یان دەبێ پێش 21/11 بەڕێز پارێزگاری سلێمانی دەست لەكاربكێشێتەوە”.