لە ئەمریکا خەڵاتی رێزلێنان دەدرێتە شەهیان تەحسین
رووداو-هەولێر
شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری بەناوبانگی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهۆی بەرنامەی بەرپرسیار و کاریگەرییەکانی لە چارەسەرکردنی دەیان کێشە لە کۆمەڵگەی کوردستان، لەلایەن فیدراسیۆنێکی جیهانییەوە لە ئەمریکا خەڵاتدەکرێت کە لە ساڵی 1925ـەوە لە فەرەنسا دامەزراوە و ساڵانە سەرکەوتووترین میدیاکارەکانی جیهان خەڵاتدەکات.
لەماوەی دووساڵی رابردوو لە رێگەی بەرنامەی بەرپرسیارەوە کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، كێشەی دەیان كەسی هەژار و كەمدەرامەت و نەخۆش چارەسەركراوە، كە دیارترینیان چاندنی دڵ و سییەكان بوو بۆ دوو منداڵ، دروستكردنی خانوو بۆ سێ خێزان، دروستكردنی قوتابخانەیەك بۆ گوندێكی سنووری سلێمانی، گەڕاندنەوەی قەرەبووی بەشداربووانی گوندی كۆری، تاپۆكردنی پارچە زەوی 4500 پێشمەرگە و دابینكردنی هاوكاری تەندروستی و دارایی بۆ سەدان كەسی دیكە.
لەپێناو کاریگەرییەکانی لە کۆمەڵگەی کوردستان و بە دیاریکراوی بەهۆی ئەو بەرنامەیەی كە لەسەر گێچەڵ پێكردنی شۆفێرانی تاكسی بە ژنان پێشكێشیكرد، شەهیان تەحسین لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوەکان FIPP بە شایەنی ئەو خەڵاتكردنە دانراوە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوەکان FIPP خۆی وەك "تۆڕی میدیایی جیهانی"یش دەناسێنێت. كۆمەڵەیەكی نێودەوڵەتییە و ئامانجی پەرەپێدانی نێوەڕۆكی میدیاییە لە رێگەی بەشكردن و گواستنەوەی زانیاری، كاری هاوبەشی فرەلایەن،
دروستكردنی هاوبەشی ستراتیژی. 700 كۆمپانیا و ناوەند ئەندامن لە FIPPدا، ساڵی 1925 لە فەرەنسا دامەزراوە. دواتر بارەگاكەی گوازراوەتەوە بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.
فیدراسیۆنەکە دووساڵ جارێك كۆنگرەی جیهانی دەبەستێت و كۆنگرەكە هەرجارەو لە وڵاتێك دەبێت. لە ساڵی 2017 كۆنگرەكە لە مانگی تشرینی یەكەم لە لەندەن بەڕێوەچوو. هاوكات ساڵانە لووتكەیەكی تایبەت بە داهێنەرە دیجیتاڵییەكان لە بەرلین ساز دەكات.
FIPP دووساڵ جارێک گۆڤارێك دەردەكات و نوێترین و سەركەوتووترین میدیاكاران دیاریدەكات و یەكەم جار بەو گۆڤارە نێوبانگی دەركرد.
ئەو رێوڕەسمەی شەهیان تەحسین وەك پێشكێشكاری تۆڕی میدیایی رووداو بۆی بانگهێشتكراوە، بە هاوبەشی لەگەڵ UPM رێكدەخرێت لە هۆتێلی (پلانێت هۆلیوود) لە لاس ڤێگاس لە ئەمریكا لە رۆژانی 12-14ی نۆڤەمبەر بەڕێوەدەچێت و خەڵاتكردنەكە لە ئێوارەی رۆژی 12ی مانگ دەبێت بەكاتی ئەمریكا.
سیداد لەشکری، پرۆدیوسەری بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی خەڵاتکردنی شەهیان تەحسینەوە گوتی: "ئەمە هەواڵێکی خۆشە بۆ هەموومان، پێش ئەوە بۆ ئەو منداڵ و خێزانانەی لەماوەی رابردوو بەهۆی بەرنامەکەمانەوە دۆخی ژیانیان گۆڕاوە. دڵنیام ئەوان ئێستا بەبیستنی ئەم هەواڵە لە ئێمە خۆشحاڵترن".
كەسێكی بە دیسپلینە لە كاركردن، بەردەوام ئارەزووی پێشكێشكردنی بەرهەمی باشتری هەیە. بەهۆی بەرنامەی (بەرپرسیار)ەوە وەك پێشكێشكارێكی خەمخۆر لە كێشەكانی خەڵك و چارەسەركاری كێشەی كەسانی خاوەن كێشە ناسراوە.
شەهیان تەحسین، لە ساڵی 2015ەوە لە تۆڕی میدیایی رووداو وەك پێشكێشكاری نووڕۆژ و پێشكێشكاری هەواڵ دەستی بەكاركردن كردووە. بەشداری چەند خولێكی راهێنانی رۆژنامەڤانی رووداوی كردووە.
لە ماوەی كاركردنی لە تۆڕی میدیایی رووداو بەرنامەكانی (تاكسی رەمەزان، سیتیزن، شەهیانی هەڵبژاردن، بەرپرسیار)ی پێشكێشكردوون.
لە رێگەی بەرنامەی بەرپرسیارەوە، كێشەی دەیان كەسی هەژار و كەمدەرامەت و نەخۆش چارەسەركراوە، كە دیارترینیان چاندنی دڵ و سییەكان بوو بۆ دوو منداڵ، دروستكردنی خانوو بۆ سێ خێزان، دروستكردنی قوتابخانەیەك بۆ گوندێكی سنووری سلێمانی، گەڕاندنەوەی قەرەبووی بەشداربووانی گوندی كۆری، تاپۆكردنی پارچە زەوی 4500 پێشمەرگە و دابینكردنی هاوكاری تەندروستی و دارایی بۆ سەدان كەسی دیكە.
شەهیان تەحسین، بەشداربووە لە رووماڵی رووداوە گرنگەكانی كوردستاندا . لەوانەش كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگە، لەكاتی گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان راستەوخۆ لە ستۆدیوی رووداو و لەنێو خەڵك رووماڵی كردووە، بەرنامەی تایبەتی هەبووە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە حوزەیرانی 2018 و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ئەیلوولی 2018.
چەندین دیبەیت و رووماڵی پێشانگە نێودەڵەتییەكان و كۆنفرانسەكانی بەڕێوەبردووە. هەڤپەیڤینی لەگەڵ بەرپرس و كەسە دیارەكانی كوردستان و بیانی ئەنجامداوە.
شەهیان تەحسین، ساڵی 1988 لە شاری دهۆك لەدایكبووە.
بەكالۆریۆسی لە بەشی شارستانی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی دهۆك وەرگرتووە.
لە ساڵی 1999 دەستی بە كاری راگەیاندن كردووە بە پێشكێشكردنی بەرنامەی منداڵان لە تەلەڤزیۆنی ئاسمانیی كوردستان. پێشكێشكاری تەلەڤزیۆنی وار بووە.
یەكێكبووە لە قسەكەرانی تێدئێكس لە دهۆك لەساڵی 2018 . رێكخەری ئیڤێنتەكانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بووە لە ساڵی 2013.
زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بە باشی دەزانێت.
کلیک بکە بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکانی بەرپرسیار