پرسە بۆ قادری حاجی عەلی دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە بەپێی رێنماییەکانی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی، دانانی پرسە قەدەخەیە، بەڵام گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت پرسە بۆ قادری حاجی عەلی دادەنێن.
عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی راپەڕاندن و گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرسە بۆ کۆچی دوایی قادری حاجی عەلی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان دادەنرێت، بەڵام پرسەکە لە شوێنێکی کراوەدا دەبێت، لەبەرئەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کەمبێت.
عەدنان عوسمان گوتی" تاوەکو کۆچی دواییکردنیشی، قادری حاجی عەلی بە سەرکردەیەکی دانەبڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان هەژمار دەکرا، بۆیە سەرجەم سەرکردە و بەرپرسەکانی بزووتنەوەکە بە هەردوو کوڕەکەی نەوشیروان مستەفاشەوە بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەکەیدا دەکەن".
لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزیش لە پرسەکەیدا گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا بەشداری لە رێوڕەسم و پرسەکەیدا دەکەن، گرتنەبەری رێکاری تەندروستی ئەستەمە، بەڵام داوا دەکەین بە دەمامکەوە بەشداری بکەن و لە بەریەککەوتن خۆیان بپارێزن".
رۆژی دووشەممەی رابردوو، قادری حاجی عەلی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە نەخۆشخانەی فارووقی سلێمانی بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش لە گۆڕستانی ئابڵاغ بە خاکسپێردرا.
قادر حاجی عەلی
- لە ساڵی 1955 لە سلێمانی لەدایکبووە.
- بەشی جیۆلۆجی لە کۆلێژی زانست تەواوکردووە.
- ساڵی 1980 چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە.
- لە تەمەنی 28 ساڵی بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجەدەرانی کوردستان.
- ساڵی 1994 دەزگای زانیاریی یەکێتی دامەزراندووە.
- ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە.
- ساڵانی 1998 بۆ 2000 کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە.
- ساڵی 2009 لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و چەند سەرکردەیەکی دیکەی یەکێتی بزووتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند.
- دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، وازی لە بزووتنەوەی گۆڕان هێنا.