لە راپەڕین ژمارەیەک ماتۆڕسکیل دەستیان بەسەرداگیرا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە چیای گڵەزەردە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، ژمارەیەک پۆلیس رێگریی لە هەندێک ماتۆڕسوار دەکەن. پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دەستیانگرتووە بەسەر ژمارەیەک ماتۆڕسکیلدا. گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سنوورەکەش دەڵێت، هۆکاری دەستبەسەردا گرتنەکە ئەوەیە ماتۆڕسکیلەکان بێ سەرەتان.
 
ئەمڕۆ شەممە، 11-11-2023، هاونیشتمانییەک ڤیدیۆیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد و دەڵێت، لە چیای گڵەزەردە لە ئیدارەی راپەڕین تۆمار کراوە. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، چەند ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە رێگەیەکی قیرتاوکراوی سنوورەکە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک ماتۆڕسکیل دەدەن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، بە هاوکاری بنکەی هاتووچۆی رانیە لە هەڵمەتێکی مەیدانیدا دەستیانگرتووە بەسەر ژمارەیەک ماتۆڕسکیلدا لە سنووری گڵەزەردە، بانوەقەل و دەربەند.
 
پۆلیسی راپەڕین داوای کردووە، "چی دیکە ماتۆڕسوارەکان نەبنە مایەی بێزاریی خەڵک، چونکە هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت".
 
عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی ئیدارەی راپەڕین ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هۆکاری سەرەکیی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلەکان بێ سەرەتایی و تۆمار نەکردنیانە؛ گوتیشی، ئەگەر ماتۆڕسوارێک ماتۆڕسکیلەکەی تۆمار کرابێت خەڵکیش بێزار بکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام دەستناگیرێت بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا.