گەشتی پاییزە لە باڵەکایەتی سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت

رووداو دیجیتاڵ 

گەشتی پاییزەی باڵەکایەتی هاوشێوەی فێستیڤاڵێکی بچووکە و دوو ساڵە لەو سنوورە ئەنجام دەدرێت. بڕیارە گەشتەکە دوو رۆژ بەردەوام بێت و رێکخەرانی دەڵێن، بۆ راکێشانی زیاتری سەرنجی گەشتیاران، لە ساڵانی داهاتووشدا رێکیدەخەن. 
 
چالاکیی پەروەردەیی، هونەری، وەرزشی و کولتووری تێدا بەڕێوەچوون؛ گەشتوگوزاری چۆمان بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سنوورەکە گەشتەکەی ئەنجامدا. ئامانج لێی راکێشانی سەرنجی گەشتیاران و بەکولتوورکردنی گەشتیاریی چوار وەرزەیە لە سنوورە. 
 
سوارە ئەکرەم، قایمقامی چۆمان دەڵێت، "بێگومان ئەوە شێوەیەکە لە بەبازاڕکردن کە گەشتیاری تەنیا بەند نییە بە وەرزی هاوین و بەشێکی بەهار، ئێمە لەو سۆنگەیەوە دوو ساڵە گەشتی پاییزە لە چۆمان ئەنجام دەدەین."
 
گەشتەکە دەرفەتی نمایشکردنی بەرهەم و کارە دەستییەکانیشی تێدا رەخسا. دەستڕەنگینانی چۆمانیش بەرهەم و کارە دەستییەکانیان لەنێو سروشت نمایش کرد.  
 
پەیمان میر ئەحمەد، بەشداربووی گەشتەکەیە و دەڵێت، "ئامانجمان ئەوەیە ئەو نانە سروشتی و کارە دەستییەی خۆمان پێشانی خەڵکی بیانی بدەین بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لەو تام و چێژە." 
 
خەڵکی سنوورەکە و میوانانی شارەکانی دیکەش بەشدارانی ئەو گەشتە پاییزیە بوون. ئەوان چالاکی و گەشتی لەو جۆرە بەپێویست دەزانن. 
 
بەندی خالید، بەشداربووەکی گەشتەکەیە و باس لەوە دەکات، "بەڕاستی پاییز خۆی جوانە. باڵەکایەتی خۆی جوانە، ئێمەش حەزمان کرد لەنێو ئەو سروشتە جوانە بەشداربین و لە دەرەوەی باڵەکایەتیش خەڵکێکی زۆر هاتووە و شەو دەمێننەوە." 
 
بەشداربووان لە چێژی گەشتەکە تێر نەبوون و ئامادەکاری دەکەن بۆ مانەوەی شەو. جگە لە گرووپە شاخەوانییەکان، خەڵکی دیکەش شەوی درێژی پاییزی لەنێو سروشتدا بەسەردەبەن. 
 
کێوان سابیر، بەشداربووەکی دیکەی گەشتەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "گەڕانەوە بۆ سروشت و ئەو ساردییەش چێژی زۆر تایبەتی هەیە. شەوان بەتایبەت کە ئاگر دەکەینەوە و لەدیار ئاگر دادەنیشین چێژە زۆرەکە لەوەدایە، بەڕاستی لەنێو ناخی سروشت داین."
 
گۆرانی گوتنی هونەرمەندانی سنوورکە و بازنەی خەڵکی بەشداربوو بە دەوری ئاگردا دوا چالاکیی رۆژی یەکەمی گەشتەکە بوون. گەشتەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و لە پلانی رێکخەرانیدایە ساڵانی داهاتوو فراوانتری بکەن.