باڵیۆزی فەرەنسا بە بایەخەوە باسی زۆریی رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق بە بایەخەوە باسی زۆریی رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، سەرۆک بارزانیش ''سەرکەوتنی هەڵبژاردنی، بە پاڵپشتێکی گەورە بۆ شەرعیەت و دامەزراوەکانی هەرێم لە قەڵەم دا."
ئەمڕۆ (11ـی تشرینی دووەمی 2024) سەرۆک بارزانی لە سەلاحەددین، پێشوازی لە پاتریک دۆریل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا یان برێم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد، پێزانینشی هەبوو "بۆ رێژەی زۆری بەشداریی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە کەشێکی ئارام و دیموکراسیانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری رابردوودا.''
18ـی تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. رێژەی بەشداریکردن لە هەردوو دەنگدان پێکەوە گەیشتە 72٪.
سەرۆک بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا بەشداریی بەرچاوی هاووڵاتیان و بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی، بە پاڵپشتێکی گەورە بۆ شەرعیەت و دامەزراوەکانی هەرێم لە قەڵەم دا، سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنەکانیشی کرد بۆ چاودێریکردنی ئەو هەڵبژاردنە.
هەر لەو دیدارەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا، جەختیش لە پەیوەندیی و دۆستایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەرەنسا کرایەوە.
بارەگای بارزانی هەروەها دەڵێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ بایەخدان و پاڵپشتیکردنی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی یادکردنەوەی 100 ساڵەی لەدایکبوونی دانیال میتێران، کە رۆژی 12ـی تشرینی دووەمی 2024 لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.
دانیال میتێران، هاوژینی سەرۆککۆماری پێشوو فەرەنسا و چالاکوانی سیاسی و مافی مرۆڤە کە لە ساڵی 2011 کۆچی دوایی کرد. ئەو لە ساڵی 1992 سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و یەکێکە لەو کەسایەتییانەی خزمەتی کوردی کردووە، بۆیە زۆربەی سەرکردەکانی کوردستان بە "دایکی کوردان" ناوی دەبەن.