سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور
رووداو دیجیتاڵ
دوای دەنگدانی لە بنکەیەکی تایبەتی هەڵبژاردن لە شاری هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، چاوەڕوانی ئەوان ئەوەیە، دوای هەڵبژاردن قۆناخێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی دەستووری عێراق دەستپێبکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قسەکانیدا وێڕای هاندانی خەڵک بۆ دەنگدان گوتی: "هەرێمی کوردستان دەبێ زۆر بەهێزەوە لە بەغدا بێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، دوای هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژە بە گفتوگۆ دەدەن.
دەقی گفتوگۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رۆژنامەڤانان:
رۆژنامەڤان: جەنابی سەرۆک، ئایا ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: جیاوازییەکەی یەک خاڵە؛ ئەویش ئەوەیە، ئێمە ئێستا پێمانوایە عێراق لە رووی ئەمنی و ئابوورییەوە گۆڕانێکی زۆر باشی بەسەردا هاتووە، بۆ ئێمە مانای ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە سەرەتایەکی نوێ دەستپێدەکات لە قۆناخی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق، بۆ ئەوەی دەستوور ببێتە زامنی ئاسایش و ئارامی بۆ هەموو خەڵکی عێراق.
رۆژنامەڤان: لە کۆتاییەکانی بانگەشەدا شاندی دانووستاندکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئامادەبوون 8 بۆ 9 وەزیر و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت، هەروەها سەرۆکی پەرلەمان بدەن بە یەکێتی، بەڵام دەڵێن نەهاتنە پێشەوە، ئایا دوای هەڵبژاردن بە هەمان شێوە دەچنە گفتوگۆوە لەگەڵ یەکێتی، یان پێداچوونەوە بەوە دەکەن بڵاوکراوەتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی بڵاوکرایەوە لەلایەن پارتییەوە، نێوەڕۆکی دانووستانەکان بوون کە لەگەڵ یەکێتی کراون، بەدڵنیاییەوە دوای هەڵبژاردن هەلومەرجی تایبەتی خۆی دەبێت، بەڵام ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک رەتناکەینەوە، بەپێچەوانە دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. بەدڵنیاییشەوە جارێکی دیکە دادەنیشنەوە و گفتوگۆ دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن ئەو کێشانە چارەسەر بکەین.
رۆژنامەڤان: جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەم دەنگدانە تاوەکو چەند دەتوانێت هێزی گۆڕانکاری هەبێت لە ناوچەکە؟ هەروەها دوای هەڵبژاردن کەی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: وەکو پێم گوتن؛ هەموو هەڵبژاردنێک گرنگە، گرنگییان بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە، پێمانوایە سەرەتایەکی نوێ لە عێراق دەستیپێکردووە، وە هەرێمی کوردستان دەبێ زۆر بەهێزەوە لە بەغدا بێ، چونکە لە ئەنجامدا ئەو بەڵگەنامەیەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگیان بۆ دا، دەستووری عێراق بوو، تاوەکو ئێستا ئەو دەستوورە جێبەجێ نەکراوە، بەدڵناییەوە گرنگترین بابەت دوای ئەم هەڵبژاردنە پێویست بێت بکرێت ئەوەیە، کە هەوڵێکی جیدی بدرێت بۆ جێبەجێکردنی دەستووری عێراق. بەدڵنیاییەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی و هەموو لایەنەکانی دیکەش دوای هەڵبژاردن دەکەوینەوە خولێکی دیکەی دانووستاندن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رۆژانامەڤان (رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو): بەڕێز جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامی ئێوە چییە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئارام لە هەرێمی کوردستان؟ ئایا دوای هەڵبژاردن دۆخی هەرێمی کوردستان بە ئارامی دەمێنێتەوە؟ ئایا حکومەتی عێراق زوو پێک دێت یان ماوەیەکی زۆری دەوێت؟
نێچیرڤان بارزانی: پەیامی ئێمە ئەوەیە، کە هەموو گەلی عێراق و کوردستانیش پێکەوە هەموومان بەشداربین لە هەڵبژاردن، چونکە پێمانوایە هەڵبژاردنەکان گرنگن. ئایا هەرێمی کوردستان بە ئارامی دەمێنێتەوە؟ من پێموایە بەڵێ؛ کێشە هەیە و قسە و نووسین دژی یەکدی هەن، بەڵام لە ئەنجامدا ئێمە بە دانیشتن ئەو کێشانە چارەسەر دەکەین لەوە دڵنیام. دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دانووستاندن دەکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ[ـی عێراق]، بەڵام ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەری کۆکن ئەوەیە، بە رەچاوکردنی ئەو گۆڕانانەی لە ناوچەکە روودەدات هەموویان هەوڵ دەدەن زۆر نەخایێنێت، ئەوە، هەیە، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە سەر دانووستاندنەکان.
رۆژنامەڤان: پەیامی کورد بۆ هاوبەشە سیاسییەکانتان لە بەغدا چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: قسەی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە، ئێمە هەموو لە ئەنجامدا لە وڵاتێکدا دەژین عێراقە، عێراقیش موڵکی هەموومانە، پێویستە ئەو کێشانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەن هەموویان لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و بە گفتوگۆ، بە رەچاوکردنی خێر و خۆشی بۆ هەموو گەلانی عێراق بە دەستوور و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. پێمانوایە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدایە و پێویستە بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئابووریی خەڵکی عێراق، پێویستە و زۆر گرنگە ئەو کێشانەی هەن بەگفتوگۆ چارەسەر بکرێن، ئێمە خێری هەموو عێراقمان دەوێت؛ خۆشحاڵین بەوەی ببین بەسرە پێشکەوتووە، زاخۆ و ئەنبار، نەجەف و کەربەلا پێشکەوتوون، ئێمە دەخوازین هەموو عێراقییەک لە خێر و خۆشیدا بژی.
رۆژنامەڤان: هەندێک لایەنی سیاسیی عێراق هەن لەسەر ئاستی جەماوەری بایکۆت دەکەن و پێیانوایە هەڵبژاردنەکە هیچ ناگۆڕێت، بە دیدی ئێوە هەڵبژاردن هیچ گۆڕانێک دروست دەکات؟
نێچیرڤان بارزانی: هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە گۆڕین دروستبکات، سیستمی عێراق دیموکراتییە و چوار ساڵ جارێک وێڕای کێشەکان عێراق هەڵبژاردنی خۆی کردووە، ئەمە پێوەرێکی بنەڕەتییە بۆ دیموکراسییەتی عێراق، ئێمە لە ئێستادا ناتوانین سیستمێکی دیکە بخەینە جێگەی ئەم سیستمەی هەمانە، بەڵام دەبێ پرسیار بکەین، کە عێراق بەرەو باشتر چووە یان خراپتر؟ من پێموایە بەرەو باشتر چووە. سەیری دۆخی ئەمڕۆی بەغدا بکرێت بەراورد بە پێنج ساڵ لەمەوبەر، دەبینیت پێشکەوتنی باش لە رووی ئابووری، ژیانی خەڵک، ئەمنی و زۆر شتی دیکە روویداوە، بەڵام ئایا بەسن، نەخێر. گەلی عێراق شایانی ژیانێکی باشترە، هیوادارین دوای هەڵبژاردن گۆڕین لە ژیانی خەڵک بکرێت، گرنگی بە خزمەتگوزاری و هەموو ئەو شتانە بدرێت کە خەڵک پێویستیانە، وەکو کارەبا و ئاو. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و دەبێت بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک و ئاوەدانی وڵاتەکە بەکاربهێندرێت، ئەم سیستمە وێڕای کەموکورتییەکان دیموکراتییە، دەبینین چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەگۆڕدرێن، یەکێکی دیکە دێتە شوێنیان.
رۆژنامەڤان: لە ماوەی رابردوودا دووپەیامی زۆر گرنگ گەیشتە هەرێمی کوردستان، یەکێکیان دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەوی دیکە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بوو، پەیامەکان بۆ جەنابت بوون و باس لەوە رۆڵی هەرێمی کوردستان کرابوو لە بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکدا، ئەوە چەندە هۆکارە لە داهاتوودا زیاتر پەرە بە پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردنی هێزەکان بدرێت، کە جەنابت رۆڵێکی گرنگت هەبووە لەو پێکەوەییەدا؟
نێچیرڤان بارزانی: لە سیاسەتی نێودەوڵەتی؛ سیاسەتی ئەمریکا هەرێمی کوردستانێکی بەهێزە لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتووی فیدراڵی. ئەوە روونە، ئێمە لەم ناوچەیەدا فاکتەری ئاسایشین چی لە عێراق و چی لە ناوچەکە، ئەو رۆڵەی دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان بیبینێت بە دڵنیاییەوە دەیبینێت لەگەڵ برایانمان لە بەغدا، ئەو سەقامگیرییەی ئێستا لە عێراق هەیە و ئێمەش رۆڵی زۆرمان تێیدا هەبووە، ئەو رۆڵەمان بۆ سەقامگیری عێراق بەردەوام دەبێت. هیوادارم دوای ئەم هەڵبژاردنە عیراق بکەوێتە نوێی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.