دەرباز کۆسرەت: کوردستانێکی بەهێزمان دەوێ و دەبێ بە بەهێزی بچینە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە گرنگیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "گەشبینم".
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، ئەمڕۆ سێشەممە، دوای دەنگدانی لە هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، داوای لە هاونیشتمانییان کرد بە شێوەیەکی کارا بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن و گوتی: "دەنگدان مافە، ئەرکە و ئەمانەتیشە. ئەو ئەمانەتە دەدرێتە ئەو نوێنەرانەی دیاری دەکرێن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەمانەتدا بن. بۆیە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەم بەشدارییەکی کارا بکەن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، چونکە ئەمە چارەنووسی خۆتانە".
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی عێراق پرسیاری لێکرد. بە بڕوای ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرۆسەکە ئاڵۆز نابێت و گوتی: "بە خوێندنەوەی خۆم، باوەڕ ناکەم زۆر سەخت بێت، چونکە ئەو هاوکێشەیەی هەیە بەپێی یاسای هەڵبژاردن، کورسیی لایەنەکان تا رادەیەک دیارە و پێکهاتەکان دیاریکراون. بۆیە پێموایە لە ماوەیەکی کورتدا حکومەت پێک دەهێندرێت".
لەبارەی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ رایگەیاند: "ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، روانگەی خۆمان زۆر روون بووە. ئێمە کوردستانێکی بەهێزمان دەوێ و بە بەهێزییەوە بچینە بەغدا. دەرگامان کراوەیە و داواکارییەکانمان داواکاریی لۆژیکی بوون، نەوەک ئەوەی زیاتر لە قەبارەی خۆمان داوا بکەین".
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ گوتی: "من مرۆڤێکی گەشبینم. پێویستە شتە تایبەتەکان وەلا بنرێن، کوردستان لەبەرچاو بگیرێت، قوربانیدان و ماندووبوونی خەڵک لەبەرچاو بگیرێ".
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ جەختی لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "مادەی 140 زۆر زۆر گرنگە کە یەکێکە لە بڕگە سەرەکییەکانی دەستووری عێراق و بەداخەوە دەبووایە تا کۆتایی ساڵی 2007 چارەسەر بکرایە، بەڵام تا ئێستا چارەسەر نەکراوە. بۆیە بەشداریی کارای هاونیشتمانیی کورد لەو ناوچانە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و بەرگری لەو خاکە بکەن کە خاکی کوردستانە".