هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە قەزای دوبز لە پارێزگای کەرکووک دەڵێ، رێژەی دەنگدان تاوەکو کاژێر 11:00 گەیشتووەتە 12.65%، ئەوەش رێژەیەکی زۆر کەمە".
هەردی محەممەد گوتی: "بەشێک لە دەنگدەرانی کورد لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی دەژین و پێشبینی دەکرێ دوای نیوەڕۆ زیاتر بگەڕێنەوە سنووری کەرکووک بۆ دەنگدان".
پەیامنێری رووداو گوتی: "لەگەڵ زۆرینەی بنکەکانی دەنگدان لە گەڕەکە کوردییەکان قسەمان کردووە و دەڵێن تاوەکو نیوەڕۆ هیچ بنکەیەک 25%ـی تێپەڕ نەکردووە".
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، "گەڕەکی واست و دەوروبەر رێژەی بەشداری گەیشتووەتە زیاتر لە 40%، کە گەڕەکەکانی نەتەوەکانی دیکەی شارەکەن".
چاودێرێکی کورد لە کەرکووک بە رووداوی گوت: "داوا لە هەموو لایەک دەکەم هەوڵ بدەن، بەتایبەت مامۆستایانی ئایینی، چونکە دەنگدان لە کەرکووک پرۆسەیەکی گرنگ و مێژووییە، خەڵک هان بدەن دەنگ بدەن".
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە مەخموورەوە دەڵێ: "هەوڵی بەرپرسانی حیزبی و حکومیی مەخموور نەبوایە کە لە دوێنیوە هەڵمەتێکی چڕیان دەستپێکردووە بۆ گەڕانەوەی خەڵک، دۆخەکە خراپتر بوو، بەڵام ئێمە چووینەتە چەند بنکەیەک و رێژەیەکی باش خەڵکی کورد گەڕاونەتەوە سەنتەری قەزای مەخموور، بەڵام گەڕانەوە بۆ دەوروبەری مەخموور زۆر کەمە".
هاونیشتمانییەک کە بە جلوبەرگی کوردییەوە لە مەخموور دەنگی داوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەنگدانی ئەم جارە بۆ کورد زۆر گرنگە. کورد دەبێ خۆی بسەلمێنێت بۆ بەغدا، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەم بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان و پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بکەن".
بەگوێرەی ئامارەکان کە دراون بە رووداو، لە بنکەیەکی مەخموور کە پێنج وێستگەی دەنگدانی لێیە هەزار و 368 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، تاوەکو کاژێر 11:00 تەنیا 344 کەس دەنگیان داوە.
لە گوێڕ و گوندەکانی دەوروبەریشی کە لە سنووری قەزای مەخموورن، کوردێکی کەم گەڕاونەتەوە و داوا دەکرێ تاوەکو کات ماوە بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان. پەیامنێری رووداو دەڵێ: "لە دەوروبەری مەخموورەوە پەیوەندییان پێوە کردووم و گوتیان، عەرەبێکی زۆر گەڕاوەتەوە و رێژەی کورد زۆر کەمە".
لە سنووری قەراج لە قەزای مەخموور کە 79 گوندە، 39 گوندی کورد و 40 گوندی عەرەبن و نزیکەی 20 هەزار دەنگدەری هەیە، بەڵام تەنیا نزیکەی 13 هەزاریان کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە.
هاونیشتمانییەک کە لە سنووری قەراج خێوەتی هەڵداوە بۆ پێشوازی لە دەنگدەرانی کورد دەڵێت: "عەرەبی زۆر هاتوون، تەلەفۆن بۆ کورد دەکەین بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان، بەڵام خێزان هەن 10 کەس بەس پیاوەکە بە تەنیا هاتووە، بەداخەوە زۆر لاوازە و خراپە".
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "لە رێگەی رووداوەوە داوا لە هەموو هاونیشتمانیانی دەڤەری قەراج دەکەین ئەو چەند کاژێرەی ماوە بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان".
لە سنووری قەراج تاوەکو نیوەڕۆ نزیکەی 20% دەنگ دراوە، بەڵام پەیامنێری رووداو دەڵێ: "ئەوانەی دەنگیان داوە 3%ـی کورد نییە؛ بۆیە کوردەکانی ئێرە داوا دەکەن هەرچی زووە کوردەکان بگەڕێتەوە".
دەنگدان لە قەزای خوورماتوو
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە خوورماتوو لە کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە گوتی: "دەنگدان لە خوورماتوو کراوە بە چەند بنکەیەک کە پێیان دەگوترێت بنکەی کوردەکان، بنکەی عەرەبەکان و بنکەی تورکمان".
بەگوێرەی ئامارەکانی دەنگدان لە خوورماتوو کە بە رووداو دراون، لە 13 بنکەی گەڕەکی کوردنشینەکان گەیشتووە بە 20% و ئەوەش بەراورد بە بنکەکانی دیکەی قەزای خوورماتوو و دەوروبەری کە نەتەوەی تورکمان و عەرەبی لێن، رێژەی کورد "کەمترە".
ئافرەتێکی کورد لە خوورماتوو دوای ئەوەی دەنگی دا بە رووداوی گوت: "هەموومان هاتووین بۆ دەنگدان، کوڕەکانم لە کەرکووکەوە بۆ دەنگدان گەڕاونەتەوە؛ داواکارم هەموو کوردی ئەم ناوچەیە بگەڕێنەوە".
هاونیشتمانییەکی دیکە کە لە کەرکووکەوە گەڕابوویەوە بۆ دەنگدان لە خوورماتوو بە رووداوی گوت: "داوا دەکەین خەڵکی زیاتر بگەڕێنەوە، چونکە خەریکە لەم شارە مەترسیی لەسەر کوردبوونی شارەکە دروست دەبێت".
ئەو هانیشتمانییە گوتی: "دەنگێک لێدانە لە دووژمن، لە جیاتی گولە بە دەنگ لێیان دەدەین".
دەنگدان لە خانەقین و دەوروبەری
لە قەزای خانەقین و ناحیەکانی گوڵاڵە و سەعدیە کە بەشێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و لە رووی کارگێڕییەوە خراونەتە سەر پارێزگای دیالە، هاوشێوەی نەتەوەکانی دیکە هاونیشتمانیانی ئەو ناوچانە ئەمڕۆ روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد.
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە ناحیەی سەعدییەوە گوتی: "لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە زۆرینەی کوردی ئەم ناوچەیە ئاوارەی شارەکانی دیکەبوون، بەڵام خەڵک دەگەڕێنەوە بۆ دەنگدانی ئەمڕۆ".
لە قوتابخانەیەکی سەعدیە لەکۆی 2 هەزار و 521 کەس کە مافی دەنگیان هەیە، تاوەکو کاژێر 11:30ـی پێشنیوەڕۆ نزیکەی 500 کەس دەنگیان داوە.
لە قەزای خانەقین 81 هەزار و 798 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە ناحیەی گوڵاڵە 53 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها لە ناحیەی قەرەتەپە 32 هەزار کەس، لە ناحیەی جەبارە 11 هەزار کەس، لە مەندەلی 17 هەزار و لە ناحیەی قۆرەتوو کە بەشێکی سەر بە قەزای خانەقینە 7 هەزار و 800 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. پەیامنێری رووداو دەڵێ: "بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێش 16ـی ئۆکتۆبەر رێژەی بەشداری کەمیکردووە، چونکە بەشێکی کوردەکان لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارەبوون".
بەشداربوون لە دەنگدانی شێخان
دەنگدەرانی قەزای شێخان کەوتووەنەتە نێو دوو بازنەوە؛ بازنەیەکیان سەر بە پارێزگای نەینەوایە و نزیکەی 48 هەزار دەنگدەری هەیە؛ بەشێکی دیکەیان سەر بە بازنەی دهۆکن و نزیکەی 44 هەزار دەنگدەری هەیە.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە شێخانەوە رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 11:30ـی پێش نیوەڕۆ لە بەشێکی بنکەکان رێژەی دەنگدان گەیشتبووە 23%.
چاودێری یەکێک لە لایەنە سیاسییەکان لە شێخان بە رووداوی گوت: "بەشداربوونی خەڵک بەرەو زیادبوون دەچێ، رێکارەکانی کۆمیسیۆن زۆر باشن و هیچ گرفتێکمان پێش نەهاتووە".
بەگوێرەی ئامارەکان کە بە رووداو دراون، لە بنکەیەکی شێخان لە 3 هەزار و 857 دەنگدەر هەین، تاوەکو نیوەڕۆ نزیکەی هەزار کەس دەنگیان داوە.
دەنگدان لە شنگال
عەدلا بەکر، پەیامنێری رووداو لە شنگال دەڵێ: "خەڵکی بە جۆشەوە دەنگ دەدەن بەو ئومێدەی گۆڕانێک لە نێو شارەکەدا دروست بکەن".
بەگوێرەی ئەو ئامارەی بە رووداو دراوە، لە بنکەیەکی دەنگدان لە شنگال کە 2 هەزار و 300 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، تاوەکو کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ نزیکەی 500 کەس دەنگیان داوە.
290 بنکە لە سنووری شنگال هەن و 82 وێستگەیان تێدایە. پەیامنێری رووداو دەڵێ: "ژمارەیەک خەڵک لە کەمپکەکانی دهۆکەوە بە رێگەوەن بەرەو شنگال بۆ دەنگدان".