فازڵ میرانی: تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، عێراق ئارامی نابینێت
رووداو دیجیتاڵ
فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای دەنگدانی لە یەکێک لە بنکەکانی هەڵبژاردن، تیشکی خستە سەر بایەخی ئەم هەڵبژاردنە، هەروەها پەیامی بۆ داهاتووی سیاسیی عێراق و کوردستان نارد و جەختی لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی کورد لە بەغدا کردەوە.
لە سەرەتای قسەکانیدا فازڵ میرانی گوتی، هەڵبژاردن تەنیا بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی، "ئەمڕۆ و دوێنێ رۆژانی گرنگن، چونکە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی دیموکراسین. هەڵبژاردن روویەکە لە رووەکانی دیموکراسی، بەڵام هەموو دیموکراسی نییە لە هەر وڵاتێک. پێویستە رەفتاری بەربژێر، کیان و دەنگدەر، رەفتارێکی دیموکراسی و سەردەمیانە بێت و پەیڕەوی لە بەهاکانی کۆمەڵگەی خۆی بکات."
فازڵ میرانی رەخنەی لە دیاردە نادیموکراسییەکانی کاتی بانگەشە گرت، لەوانە "دەمشڕی، دڕاندنی پۆستەر و تۆمەت هەڵبەستن" و هیوای خواست کۆمەڵگەی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگەنە ئەو ئاستەی دوور لە "دەنگ کڕین و دەنگ فرۆشتن" هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رەخنەی لە پەرلەمانی عێراق گرت بەهۆی جێبەجێنەکردنی بڕگە سەرەکییەکانی دەستوور و گوتی، "دەستوورێکمان هەیە کە 85%ی خەڵکی عێراق، بە ئێمەشەوە، دەنگیان پێداوە. بەداخەوە، پەرلەمانی عێراق نەچووەتە سەر جێبەجێکردنی مادە گرنگەکان، لەوانە یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و مادەی 140 و تەنانەت شیکردنەوەی سیستمی فیدراڵی."
میرانی نەخشەڕێگای کوردستانی بۆ دوای هەڵبژاردنەکان خستەڕوو و گوتی، "دوای ئەم هەڵبژاردنە، دەبێت بزانین کام فراکسیۆن زۆرترین دەنگ دەهێنێت و کام بەرە زیاتر لە ئێمەوە نزیکە. دەبێت هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوانە ببەستین کە لە بیرکردنەوە و لە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقەوە لێمانەوە نزیکن."
گرنگترین پەیامی فازڵ میرانی بریتی بوو لە یەکڕیزیی کورد لە بەغدا و گوتی، "لەکاتێکدا باسی کێشەکانی عێراق دەکەین، لەوەتەی عێراق بووەتە دەوڵەت، کێشەی کورد بە پلەی یەکەم دێ، چونکە ئەم کێشەیە چارەسەر نەبێت، عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. کەواتە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، دەبێت لە نێوخۆماندا یەکڕیز بین و لەوێ یەک دەنگ بین. ئەمە ئاواتی منە، هیچ ئاواتێکیش نایەتە دی ئەگەر هەوڵی بۆ نەدەیت."