پارتی لە کەرکووک: رێژەی دەنگدان وەکو پێویست نییە و رۆژی سەلماندنی ناسنامەی کەرکووکە

رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ''ئەمڕۆ رۆژی سەلماندنی ناسنامەی کەرکووک و رۆژی بەرگریکردنە لە شارەکە، پێویستە کوردستانییان بە دەنگەکانیان ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک بپارێزن.''
 
ئومێد سەباح، سەرپەرشتیاری مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کەرکووکەوە رایگەیاند: "بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو تاوەکو نیوەڕۆ رێژی دەنگدان کەمە، بەڵام لە دوانیوەڕۆوە رێژەی بەشداری کەمێک زیاتر بووە هەرچەندە هێشتا وەکو پێویست نییە.''
 
ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەشکرد: ''تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ هەشت سکاڵامان تۆمار کردووە، یەکێک لە سکاڵاکانیش پەیوەستبوو بەو پێشێلکارییەی بەرامبەر بە ئاڵای کوردستان کوردستان کراوە کە قبوڵکراو نییە.''
 
سەرپەرشتیاری مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەشکرد، لە ساڵی 2005ـەوە کورد توانیویەتی بە بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە، ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک بپارێزێت، ئێستاش رۆژی بەرگریکردنە لە کەرکووک و پێویستە هاوونیشتمانییان بە گیانێکی بەرپرسیارانە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن.''