سەرچاوەکانی ئاو: زیاتر لە 24 هەزار بیریی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان لێدراون
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 24 هەزار بیری یاسایی لە هەرێمی کوردستان لێدراون، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لەو ژمارەیە بە نایاسایی لێدراون و بە "دزی و دەستدرێژی" بۆ سەر مافی گشتی پێناسەی دەکات.
رۆژی یەکشەممە 11-12-2022، د. کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی لای ئێمە تۆمارکراون بیری یاسایین؛ کێشەی گەورەی ئێمە بیرلێدانی نایاساییە؛ وەکو هەموو شتەکانی دیکە لە بیرلێدانیشدا قاچاخی هەیە و ژمارەیان زیاترن لەو ئامارە یاساییانەی لای ئێمەن کە ئەوەش کارەساتێکی گەورەیە."
بە گوتەی کاروان سەباح هەورامی، بۆ پاراستنی ئاو و ئاماژەدان بە مەترسییەکانی کەمبوونەوەی ئاو بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە یەکێتیی زانایانی هەرێمی کوردستان فەتوایەک دەربکات. گوتیشی: "فەتواکە لەسەر بەکارهێنانی ئاو و بیرلێدانە؛ ئەوە جۆرێکە لە دزی و دەستدرێژی بۆ سەر مافی نەوەکانی داهاتووش، چونکە ئاوی ژێرزەوی مافی نەوەکانی داهاتووشمانە."
بەهۆی دابەزینی ئاوی ژێرزەوییەوە، قوڵی بیرلێدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زیاتر دابەزیوە، کە قوڵترینیان لە سنووری پارێزگای هەولێرە؛ کاروان سەباح هەورامی ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کە سنووری شاخاوین ئاستی ئاوی ژێرزەوییان باشترە لە هەولێر.
بەگوێرەی ئامارەکان، قوڵترین بیر لە پارێزگاکان بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
- هەولێر؛ قوڵی بیرلێدان لە 200 مەترەوە دەستپێدەکات و قوڵترینیان لە هەندێک شوێن دەگاتە 700 مەتر.
- سلێمانی؛ لە 150 مەترەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە نزیکەی 300 مەتر.
- دهۆک؛ لە 200 مەترەوە دەستپێدەکات تاوەکو نزیکەی 400 مەتر.
- هەڵەبجە؛ لە 150 مەترەوە دەستپێدەکات و دەگاتە 200 مەتر.
کاروان سەباح هەورامی ئاماژەی بەوەدا: "داکەوتنی ئاوی ژێرزەوی لە هەندێک شوێن دەگاتە 150 مەتر و هەندێک شوێنیش کەم دەبێتەوە تاوەکو چەند مەترێک، بەگشتی لە هەموو هەرێمی کوردستان ئاستی ئاوی ژێرزەوی کەمیکردووە، لە هەولێر تاوەکو رادەیەکی زۆر مەترسیدارە و گوشارێکی زۆری لەسەرە و هەندێک شوێن دۆخی زۆر خراپە."
بۆ لێدانی بیر بەشێوەی یاسایی، رێکاری کارگێڕی زۆری دەوێت، بەجۆرێک سەرەتا هاونیشتمانی دەبێت لە نێو کارگێڕیی شارۆچکەکەیەوە دەستپێبکات، پاشان بۆ قایمقامیەت و پارێزگاکان بەرز دەکرێتەوە و ئەوانیش رەوانەی ئاوی ژێرزەوی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کورستانی دەکەن و لەوێشەوە رەوانەی حەوت لایەنی دیکەی پەیوەندیدار دەکرێت؛ دوای بەجێگەیاندنی هەموو مەرجە یاساییەکان و رەزامەندی ئەو حەوت لایەنە مۆڵەتی بیرلێدانەکە دەدرێت.
کاروان سەباح هەورامی گوتی: "دوای هەموو رەزامەندییەکان ئێمە مۆڵەتەکە دەدەین؛ پێدانی مۆڵەتمان زۆر کەمکردووەتەوە، ساڵی داهاتوو کار بە رێنماییەکی نوێ بۆ لێدانی بیر دەکەین، کە زۆر لەوەی ئەوەی ئێستا هەیە و ساڵی 2015 دەرکراوە باشترە."
بەگوێرەی ئاماری بەردەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان 24 هەزار و 357 بیر له سێكتهرهكانی ئاوی پاكی خواردنهوه، كشتوكاڵ و پیشهسازی بەشێوەی یاسایی لە هەرێمی کوردستان لێدراون و مۆڵەتیان وەرگرتووە، کە بەمشێوەیە دابەشی سەر پارێزگاکان بوون:
ـ پارێزگای ههولێر: 4320 بیر
ـ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 6117 بیر
ـ پارێزگای دهۆک: 1477 بیر
- ئیدارەی گهرمیان: 507 بیر
رۆژی یەکشەممە 11-12-2022، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنوورەکەمان لە هەندێک شوێن 100 مەتر ئاوی ژێرزەوی کەمیکردووە؛ کە دەگوترێت بیرێک بە زیاتر لە 600 مەتر قوڵکراوە مانای ئەوە نییە نەگەیشتبێت بە ئاو، زۆرجار لە 400 مەتردا دەگات بە ئاو، بەڵام خەڵک دەیەوێت زیاتر لە 200 مەتریش بۆری لە ئاوەکەدا بێت و چەند ساڵێک کاری پێبکات."
بەگوتەی هێمن سەید موراد، بیری نایاسایی سنووری هەولێر بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. گوتیشی: "ئێستا هەرکەسێک بیری نایاسایی لێبدات لێپرسینەوەی تووندی لەگەڵدا دەکرێت، ئامێری بیرهەڵکەندنەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت و رەوانەی کارگەی شیش دەکرێت؛ دەیان کەس دراونەتە دادگە و دەستگیریش کراون."
عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ ساڵی 2022 لە هەموو شار و شارۆچکەکان ئاستی ئاوی ژێرزەوی دابەزیوە." گوتیشی: "ئەگەر بیرێک لە شوێنێک بە 400 مەتر گەیشتبێتە ئاو، ئەوە 200 مەتری لە ئاودا بووە."
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، کە بەرزترین دابەزینی ئاو تاوەکو ئێستا لەو سنوورانەدا بەمجۆرەیە:
سلێمانی: 79 مەتر دابەزیوە
سوورداش: 60 مەتر دابەزیوە
رانیە و قەڵادزێ: زیاتر لە 50 مەتر دابەزیوە
بەرزنجە: 100 مەتر دابەزیوە
هەڵەبجە: 65 مەتر دابەزیوە
پێنجوێن: 24 مەتر دابەزیوە
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەڵەبجەش ئاستی ئاوی ژێرزەوی دابەزیوە، بەڵام وەکو شارەکانی دیکە نییە؛ شوێنەکانیش جیاوازن، ئێمە بیرمان هەیە 59 مەترە 24 کاژێر ئاوی هەیە؛ هەشمانە دەگاتە 200 مەتر و ئاوی کەمە."
سەبارەت بە گەرمیانیش، حامید جومعە، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی ئاوی ژێرزەوی لە زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان باشترە؛ بوونی رووباری سیروان و تەنانەت بەنداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کاریگەرییان بۆ ئاوی ژێرزەوی گەرمیان هەبووە."
حامید جومعە گوتیشی، لە نێو کەلاردا بیریان هەیە بە 12 مەتر گەیشتووەتە ئاو و هەشیانە 22 مەتر دەگاتە ئاو. ئاماژەی بەوەش کرد، قوڵترین بیری سنووری گەرمیان 65 مەترە. گوتیشی: "تاوەکو ئەمڕۆ هەزار و 854 بیری یاسایی لە سنوورەکەمان هەیە؛ هەندێک بیریش مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵام هەڵنەکەندراون؛ زیاتر لە هەزار و 300 بیری نایاسایش لە سنوورەکەمان هەیە کە زۆربەیان لە گوندەکانن و قوڵییان ناگاتە 20 مەتر."
هەرچەندە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو چەند هێندە بارانی زیاتر باریوە، بەڵام وەکو شارەزایان باسی دەکەن، جارێ زووە بۆ دانانی کاریگەریی باران لەسەر ئاوی ژێرزەوی.