وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ رووداو: قبووڵکراو نین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند، "ئەو هێرشانە قبووڵکراو نین و پێویستە بووەستێندرێن".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن دایەوە، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە کە بە درۆن کراونەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازیی هەریر.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "میلیشیا عێراقییەکان هەڕەشە لە سەقامگیری و ئارامیی عێراق، خەڵکی ئێمە و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە دەکەن".
دەشڵێت، "سەرۆکوەزیران [محەممەد شیاع سوودانی] ئەو هێرشانەی بە 'قبووڵنەکراو' و 'کردەی تیرۆریستی' ناوبردووە و ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە".
ئەمریکا چاوەڕێ دەکات حکومەتی بەغدا هەنگاو لە دژی ئەو هێرشانە بگرێتەبەر، وەکو وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە وەڵامیدا بۆ رووداو ئاماژەی پێکردووە، "ئێمە چاوەڕێ دەکەین حکومەتەکەی سوودانی هەنگاوی گونجاو بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە. نابێت میلیشیاکانی پاڵپشت بە ئێران لە عێراق رەشمەیان بۆ شل بکرێت تاوەکو هەرچیان پێ خۆش بێت بیکەن، کە وڵاتێکی خاوەن سەروەریی خۆیەتی".
دوایین هێرشی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر
دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیکی جێگیرکراون، شەوی هەینی، 8-12-2023، رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی بووەوە.
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە گوتی، درەنگانی شەوی هەینی، چوار درۆن بە دووریی کەمتر لە 500 مەتر لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی سێبیران کەوتنە خوارەوە و درۆنێکیش لە لایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە خرایە خوارەوە.
مستەفا گۆران گوتی، "کاژێر 11:10ـی شەوی هەینی، هەولێر بە پێنج درۆن کرایە ئامانج و خەڵکی کۆمەڵگەی سێ بیران هەستیان بە دەنگی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان کرد و بەشێکیان بە رووداویان راگەیاند، دەرگا و پەنجەرەکانیان بەهۆی دەنگی تەقینەوەکانەوە لەریونەتەوە".
دوای خۆرائاوابوونی هەمان رۆژ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا کێشابوو و تەقییەوە. بە گوێرەی دەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، رووداوەکە جگە لە زیانی مادیی، زیانی دیکەی نەبووە.
واتە چوار هێرش لە یەک رۆژدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدران، لە کاتێکدا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کەوتوونەتە بەر زنجیرەیەک هێرش.
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، رۆژی هەینی، 8ی کانوونی یەکەمی 2023، "کاژێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە".
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستانیش دواتر لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە درۆنێک بەر "باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە".
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاووڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە راگرتنی ئەم هەوڵانەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئامانجی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بووە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڵام لە پێکانی ئامانجەکەی شکستیهێناوە و بۆسەر باڵەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە.
هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا زیادیکردووە
هەفتەی رابردوو، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37یان لە عێراق و 41یان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی بریندار بوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.
رۆژی 3ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری ئەو گرووپەی کوشت کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات.
لەو کاتەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، شەپۆلێک لە گرژی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەنێویاندا هێرشی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ هەروەها هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کە پێیانوایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە، کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
لە بەرامبەر ئەوەدا، بە گوێرەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی سێ جار لە سووریا و جارێک لە عێراق هێرشی کردووەتە سەر ئەو پێگەیانەی کە پێیانوایە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تارانن.
لەوانەش لە 3ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کوشت.
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکردووە.