تەرمی هاونیشتمانییەک لە سلێمانی دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

تەرمی هاونیشتمانییەک لەسەر رێگەی عەربەت - سلێمانی، کەسوکارەکەی دەڵێن، ئاسەواری گوللە بە جەستەیەوە دیارە و لە سندووقی ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە. 
 
هاونیشتمانییە کوژراوەکە ناوی ئومێد شێخ عەلییە، خەڵکی سلێمانییە و تەمەنی 45 ساڵ بووە..
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، ئومێد شێخ عەلی پێشتر کارمەندی ئاسایش بووە، بەڵام چوار ساڵ لەمەوپێش لەسەر داوای خۆی، خانەنشین کراوە و بووەتە شۆفێری تەکسی.
 
هاوار، کەسوکاری کوژراوەکەیە بە رووداوی گوت ''لە کاژێر 04:00ـی ئێوارەی دوێنێوە تەلەفۆنمان دەکرد، بەڵام وەڵامی نەدەدایەوە، دواتر کاژێر 10:00ـی شەو مۆبایلەکەی داخرا.''
 
بەگوتەی هاوار، دوای بەدواداچوونێکی زۆر، تەرمی ئومێد لەسەر رێگەی عەربەت - سلێمانی، کە 'خرابووە نێو سندووقی ئۆتۆمبێلەکەیەوە' دۆزرایەوە.
 
هاوار گوتی "ئومێد کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە، بەڵام بە چوار گوللە لێیدراوە و تابلۆی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەشی لێکراوەتەوە.'' 
 
ئومێد شێخ عەلی خێزاندار و باوکی سێ منداڵە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ کەسوکارەکەی سکاڵایان تۆمار کردووە و هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە کردووە.
 
تەرمی ئومێد براوەتە دادپزیشکیی سلێمانی، دوای پشکنین رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.