نێچیرڤان بارزانی: بەبێ بەشداریی کارای ئافرەتان کۆمەڵگە ناتوانێت بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر هەنگاو بنێت
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی 73ـەمین ساڵیادی دامەزراندن لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 11-12-2025، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم".
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، وەک "قوتابخانەیەکی گەورەی نیشتمانپەروەری و پێگەیاندن، مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی ھەیە".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوە دەدات، "ئەم رێکخراوە تێکۆشەرە کە لەسەر بنەمای بیر و تێڕوانینی رێبازی بارزانیی نەمر دامەزراوە، ھەمیشە بەشێکی دانەبڕاو و ھاوبەشێکی کارای خەباتی نیشتمانی، ھاوکات پێشەنگی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بووە".
جێگری سەرۆکی پارتی تەواوی پشتیوانی خۆی بۆ چالاکییەکانی یەکێتییەکە دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، "بڕوای تەواومان ھەیە کە بەبێ بەشداریی کارای ئافرەتان، کۆمەڵگە ناتوانێت بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ھەنگاو بنێت".
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی:
لە حەفتا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، وەک قوتابخانەیەکی گەورەی نیشتمانپەروەری و پێگەیاندن، مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی ھەیە. ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە کە لەسەر بنەمای بیر و تێڕوانینی ڕێبازی بارزانیی نەمر دامەزراوە، ھەمیشە بەشێکی دانەبڕاو و ھاوبەشێکی کارای خەباتی نیشتمانی، ھاوکات پێشەنگی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بووە.
لە ڕۆژانی سەختی شۆڕشدا، ئافرەتانی کوردستان نموونەی باڵای خۆڕاگری و قوربانیدان بوون، ئەمڕۆش لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا، ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی کۆمەڵگەدا دەگێڕن. ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتوون.
لەم یادەدا، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خەبات و چالاکییەکانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەینەوە لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانیان و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیار و بەڕێوەبردندا. بڕوای تەواومان ھەیە کە بەبێ بەشداریی کارای ئافرەتان، کۆمەڵگە ناتوانێت بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ھەنگاو بنێت.
سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو ئافرەتانەی لەپێناو ئازادیی کوردستان و مافەکانیاندا گیانیان بەخشی.
ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوام بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم.