پارێزگاری سلێمانی: تائێستا بەغدا هیچ هاوکارییەکی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە نەناردووە
رووداو دیجیجتاڵ
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، وڵاتانی تورکیا، قەتەر، رووسیا و پارێزگارانی سنە، هەولێر و کەرکووک ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و گەرمیان دەربڕیوە؛ بەڵام بەغدا تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەکی بۆ زیانلێکەوتووان نەناردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەکاتی سەردانیکردنی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ، سەبارەت بە زیانەکانی لافاوەکە قسەی بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''لە سەرەتاوە هەموو توانای خۆمان خستووەتە خزمەتی ئەو شوێنانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.''
بەگوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، دەیان رێکخراو بۆ گەیاندنی هاوکاری بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکە پەیوەندییان پێوە گرتوون و ''بەخۆشییەوە سەرجەمیان لێرەن و هاوکارییەکانیان ئاراستەی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ کراوە''.
پارێزگاری سلێمانی جەختی لە گرنگیی هەبوونی پلانێک کردەوە، بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بگاتە سەرجەم زیانلێکەوتووان و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێن.
وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، وڵاتانی تورکیا، قەتەر، رووسیا و هەروەها پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگارانی کەرکووک و هەولێر ئامادەیی خۆیان بۆ گەیاندنی هاوکاری بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکە راگەیاندووە.
پارێزگاری سلێمانی گوتی، ''رێکخراوەکانی خۆمان کە لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کار دەکەن، چ لە دهۆک، هەولێر یان سلێمانی، بە پشتیوانییەکی زۆر گەورەوە هاتوونەتە پێشەوە.''
ئەو هاوکارییانەی کە لەلایەن وڵاتان و رێکخراوەکانی مەدەنی و خێرخوازییەوە دەگاتە سنووری سلێمانی، لە رێگەی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە (جەی سی سی) و ئەو لیژنەیە دابەش دەکرێ کە لەلایەن قایمقامیەتی چەمچەماڵەوە پێکهێنراوە، بۆ ئەوەی ''راستەوخۆ و دادپەروەرانە'' بگاتە دەست زیانلێکەوتووان.
هەرچی بەغدایە، وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی دا، هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی نەکردووە و ''تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ شتێکمان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پێنەگەیشتووە. ئومێد دەکەین حکومەتی فیدراڵی کە ئەرکیەتی، زۆر پێداگرانە، جدی و خێرا بێتە سەرهێڵ.''