باوکی ئەو ئەندازیارەی لە لافاوی تەکیە بێسەروشوێن بوو: تەنیا تەرمەکەیم دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد حامید، ئەندازیارێکی تەمەن 30 ساڵی عەرەبی بەغدایە و کەمتر لە ساڵێکە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، سێ رۆژە بەهۆی لافاوەوە لە تەکیەی سنووری سلێمانی بێسەروشوێنە و باوکی داوای دۆزینەوەی تەرمەکەی دەکات.
ئەحمەد ئەندازیاری کارەبایە و لە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لە شارەدێی گۆپاڵە کاریدەکرد، بەڵام رۆژی سێشەممەی رابردوو، شەپۆلی لافاو بردی و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
حامید شەتران، باوکی ئەحمەد کە ماوەی سێ رۆژە لە دڵەڕاوکێدایە و وەک خۆی دەڵێت، نان و ئاوی نەخواردووە، دوایین پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کوڕەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "رۆژى سێشەممە کاژێر 12:50 خولەک پەیوەندى پێوەکردم، پێى گوتم باوکە باران دەبارێت، دەرگەى کەرەڤانەکەى کردەوە و گوتى باوکە ببینە بارانە، دواتر ماڵئاواییمان کرد."
باوکی ئەحمەد داوا لە خەڵک دەکات هاوکارییان بکەن و لە هەرکوێیەک تەرمی کوڕەکەیان بینی ئاگاداریان بکەنەوە، ئەو دەڵێت: "دەمەوێت هاوکاری بکرێم، تەنیا تەرمەکەیم دەوێت تاوەکو بەچاوى خۆم بیبینم و بەدەستى خۆم بینێژم، جگە لەوە هیچى دیکەم ناوێت."
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی بازیان لەبارەی وردەکاریی رووداوەکە رایگەیاند، سەرەتا وا دانرابوو ئەو ئەندازیارە ونبووبێت، بەڵام دواتر دەرکەوت لافاو بردوویەتی. گوتیشی: "سێ رۆژە دەگەڕێین، ئەمڕۆ کاژێرەکەی دەستیمان دۆزییەوە کە جی پی ئێسەکەی ئەم شوێنە دەدات کە تێیدا ون بووبێت."
ئەحمەد ماوەی دوو ساڵ بوو لە کارگەیەک لە شارەدێی گۆپاڵە سەر بە بازیان کاریدەکرد، کە کارگەکە بریکاری کۆمپانیایەکی جیهانییە و کاریان دروستکردنی قووتووی خواردنەوە گازییەکانە.
لەلایەکی دیکەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئەو ئەندازیارەدا. موقەدەم بەڵێن کەریم، سەرپەرشتاری تیمی رووداوە سرووشتییەکان لە بازیان داوای هاوکاری لە ناوچەکانی خوارووی بازیان دەکات و دەڵێت: "پێویستمان بەوەیە خەڵکی ناوچەکانی خوارووی ئێمە، وەکو سەنگاو و گوندی دێلێژە لە قەرەداخ، ئەوانیش ئاو و چەمەکانیان بگەڕێن."