میکانیکێکی هەولێر بێبەرامبەر ئۆتۆمبێلە لافاوبردووەکانی چەمچەماڵ چاکدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژێک دوای ئەو لافاوەی زیانی بە بەشێک لە هاونیشتمانیانی چەمچەماڵ و گەرمیان گەیاند، وەستایەکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە هەولێرەوە دەچێتە چەمچەماڵ و بڕیار دەدات ئۆتۆمبێلی ئەو کەسانە بەبێ بەرامبەر چاکبکاتەوە کە توانای داراییان سنووردارە.
شاخەوان سەڵاح، کە پیشەی فیتەرە لە ناوچەی پیشەسازیی باشووری هەولێر، پاش گەیشتنی بە چەمچەماڵ دەستیکردووە بە گواستنەوەی ژمارەیەک لەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی لافاوەکەوە پەکیان کەوتووە.
هاوکار نەوزاد، یەکێکە لە زیانلێکەوتووانی لافاوەکە لە چەمچەماڵ و بە رووداوی گوت: "نەک تەنیا چاککردنەوە، ئەو وەستایەی هەولێر تەنانەت کرێی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیشی خستووەتە سەر شانی خۆی."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرەتا وەستا شاخەوان بڕیاریدابوو چاککردنەوەی 20 ئۆتۆمبێل لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلە زیانبەرکەوتووەکان و داواکاریی زۆری خەڵک، بڕیارەکەی گۆڕی بۆ چاککردنەوەی زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێل.
وەستا شاخەوان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئۆتۆمبێلەکان هەر جۆرێک بن و تێچووی کەلووپەل و چاککردنەوەیان هەرچەندێک بێت، ئەو خەرجییەکەیان لە ئەستۆ دەگرێت. بەشێکی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە بەتەواوی یان نیوەیان کەوتوونەتە ژێر ئاو و قوڕ، بۆیە تێچووی چاککردنەوەیان جیاوازە.
بەگشتی تێچووی چاککردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بە دەیان هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت. تاوەکو ئێستاش ئامارێکی فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە دەیان ئۆتۆمبێل لە چەمچەماڵ و گەرمیان بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.