50 ملیۆن دینار بۆ پاککردنەوەی قوتابخانەکانی چەمچەماڵ تەرخان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی تەکیەی کاکەمەند سەر بە قەزای چەمچەماڵ، لافاو دەچێتە نێو قوتابخانەیەک و ترس و دڵەڕاوکێ لای قوتابیان و مامۆستایان دروست دەکات. وەزیری پەروەردەش دوای سەردانیکردنی ناوچەکە بڕیاری خەرجکردنی 50 ملیۆن دینار بۆ قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان دەدات.
رووداوەکە لە سەرەتای دەوامی دوای نیوەڕۆ بووە لە قوتابخانەی قەندیل، کاتێک قوتابیان تازە چووبوونە نێو پۆلەکانیان بۆ خوێندنی وانەی یەکەم، لەناکاو شەپۆلێکی بەهێزی لافاو بێدەنگیی قوتابخانەکە دەشکێنێت و ئاو دەچێتە نێو پۆل و رێڕەوەکان.
رێژین ئەنوەر، یەکێکە لە مامۆستایانی قوتابخانەکە و باس لە ساتەوەختی رووداوەکە دەکات، دەڵێت: "ئەوەندەی توانیمان کارمان کرد بۆ رزگارکردنی قوتابییە منداڵەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە پۆلی یەک تاوەکو سێی بنەڕەتین." بە گوتەی مامۆستاکان، ساتەکە بۆ ئەوان و قوتابییەکان تەنیا راکردن بووە بۆ مانەوە لە ژیان.
ئێستا لە پۆلەکانی قوتابخانەی قەندیلی تەکیەی کاکەمەند، تەنیا قوڕ و لیتە دەبینرێت و قوتابخانەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە.
یوسف عەبدوڵڵا، مامۆستایەکی دیکەی قوتابخانەکەیە و دەڵێت: "نزیکەی 70 بۆ 80 سانتیمەتر ئاو هاتبووە نێو قوتابخانەکەمان، سوپاس بۆ خوا زیانی گیانیمان نەبوو."
لەلایەکی دیکەوە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ناوچەکەی کرد و دۆخی هەر نۆ قوتابخانە زیانلێکەوتووەکەی سنووری چەمچەماڵی بینی. وەزیری پەروەردە بڕیاریدا بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە تەرخان بکرێت.