عارف روشدی: پۆستی سەرۆککۆمار بەپێی کورسی بێت بۆ پارتییە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، هیچ دەقێکی دەستووری یان رێککەوتنێک نییە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی یەکلایی کردبێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر بەپێی کورسی و دەنگ بێت، ئەو پۆستە هی پارتییە." هاوکات هۆشداری دەدات کە ئەگەر لایەنێک نەیتە پێشەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، پارتی بژاردەی دیکەی دەبێت.
عارف روشدی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشگێڕانی پارتی، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەم. ناوبراو ئاشکرای کرد کە شەڕی راگەیاندنی نێوان هەردوو حیزب "خاو بووەتەوە" و جەختی کردەوە کە دۆخەکە بەو رادەیە نییە چارەسەر نەکرێت، چونکە "ئێمە ساڵانێکی دوورودرێژ پێکەوە لە شۆڕش دا بووین و دەبێت پێکەوەش روو لە بەغدا بکەین."
"دواخستنی کابینەی دەیەم لەنگییەکی گەورەیە"
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عارف روشدی رایگەیاند، دواخستنی کابینەکە "لەنگییەکی گەورەیە" و پێیان باش بووە زووتر پێکهاتبا. ئەو گوتی: "هەست دەکەین برایانی یەکێتی دەیانەوێت پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوا بخەن بۆ دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق، کە ئەمەش خزمەت بە کەس ناکات."
لەسەر ئەگەری بەشدارینەکردنی یەکێتی یان هەر لایەنێکی دیکە، روشدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان خوازیاری حکومەتێکی بنکە فراوانن، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرا، "هەموو دەرگاکان کراوە دەبن" و وڵات بێ حکومەت نامێنێتەوە.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشداری پێکردنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە حکومەتدا، بەرپرسەکەی پارتی ئاشکرای کرد کە پارتی "هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێک نییە" و دەرگای گفتوگۆیان لەگەڵ هیچ هێزێک دانەخستووە، تەنانەت ئەگەر بە فەرمیش گفتوگۆ نەکرابێت، بەڵام ئامادەن بۆ هاوبەشی.
پۆستی سەرۆککۆمار و کێشەی بەغدا
عارف روشدی، رەتیکردەوە پۆستی سەرۆککۆمار وەک نەریتێکی سیاسی بۆ یەکێتی جێگیر بووبێت و گوتی: "ئەو پۆستە بەرکەوتەی خەڵکی کوردستانە، ئەگەر بەپێی کورسی و دەنگ بێت، پارتی لەپێش یەکێتی و لایەنەکانی دیکەیە." بەڵام جەختیشی کردەوە کە ئەم بابەتە "قابیل بە دانوستاندنە" ئەگەر کورد بە یەک دەنگی بچێتە بەغدا.
روشدی پێشنیازی کرد کە کورد هاوشێوەی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" شیعییەکان، هاوپەیمانییەکی کوردستانی دروست بکەنەوە بۆ ئەوەی بەهێزەوە بچنە بەغدا.
سەرەڕای ساردی پەیوەندییەکان، عارف روشدی گەشبینی خۆی نیشاندا بەوەی پارتی و یەکێتی رێکدەکەون، بەوپێیەی لە رابردوودا "چوار ساڵ شەڕی ناوخۆ هەبوو و دواجار رێککەوتن"، ئێستا کە تەنیا دیدی جیاوازی سیاسی هەیە، ئاسانترە بگەنە ئەنجام.