سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەکە: گەشتیی فڕۆکەخانەی سلێمانی رانەگیراوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی خراپیی دۆخی کەشوهەواوە، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و نەجەف و سلێمانی راگیراون، بەڵام سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی سلێمانی هەواڵەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەم بەیانییە گەشت کراوە.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری راگرتنی گەشتەکان لەو سێ فڕۆکەخانەیە بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاستی بینین بووە. لەگەڵ باشتربوونی دۆخی کەشوهەوا و ئاساییبوونەوەی رەوشەکە، گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە. 
 
بەڵام سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕیی میدیایی رووداو هەواڵەکەی رەتکردەوە و راگەیاند، گەشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی رانەگیراوە، بەیانی ئەمڕۆ گەشتی عەممان- سلێمانیان هەبووە و گەشەکانیش بەگوێرەی خشتەی ئاسایی خۆیان بەڕێوەدەچن.
 
بەگوێرەی خشتەی گەشتەکان، کاژێر 6:35 خولەک گەشتی عەممان- سلێمانی کراوە، فڕۆکەکە لە سلێمانییەوە بەرەو عەممان بەڕێکەوتووە.
 
خشتەی گەشتەکانی دیکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەم شێوەیە دەبێت:
 
دوبەی-سلێمانی 13:30
ئەستەنبوول-سلێمانی 13:40
بەسرە- سلێمانی 16:00
بەغدا- سلێمانی 18:15
 
شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە باشووری کوردستان و عێراق کردووە و کەشوهەوای ناسەقامگیر کردووە، بەم هۆیەوە، ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکووک و شەش پارێزگای عێراق لە قوتابخانە و فەرمانگەکان کراوەتە پشوو.