تەرمی برایەکی فواد مەعسوم لە کۆیە بەخاک دەسپێردرێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای گەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، تەرمی محەممەد مەعسوم، برای فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە کۆیە بەخاکسپێردرا. 
 
رۆژی 5ی ئەم مانگە، محەممەد مەعسوم لە بەریتانیا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد، رۆژی چوارشەممە 12-1-2022، تەرمەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانە لەلایەن خێزان و دۆستانیانەوە پێشوازی لێکرا و رەوانەی کۆیە کرا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-01-2022 تەرمی محەممەد مەعسوم لە مزگەوتی مەلای گەورە لە کۆیە نوێژی لەسەر کرا و دواتر بەرەو گۆڕستانی هەیبەت سوڵتان بەڕێکرا و لەوێ بەخاکسپێردرا.
 
ماوەیەک لەمەوبەر محەممەد مەعسوم بۆ وەرگرتنی چارەسەری سەردانی بەریتانیای کردووە، کەسێکی نزیک لە ماڵباتەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، محەممەد مەعسوم خۆی نەخۆشبووە و کاتێکیش چووەتە بەریتانیا لەوێ تووشی کۆرۆنا بووە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی کۆرۆنا هۆکار بووە بۆ گیانلەدەستدانی.
 
مەقسود مەعسوم، برای محەممەد مەعسوم لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ پاراستنی سەلامەتی هەموو لایەک و پابەندبوون بە یاسا و رێنوێنییەکان، ماڵباتەکەیان پرسەی فەرمی دانانێن.
 
محەممەد مەعسوم لە ساڵی 1944 لە کۆیە لەدایکبووە، برای د. فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. رۆژی 5-1-2022، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆچی دواییکرد.