لە هەولێر پۆلیسێکی هاتووچۆ لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا جەڵتە لێیدا و گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری هەولێر کەسێک لەناو ئۆتۆمبێل جەڵتە لێیدەدات و گیان لەدەستدەدات، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت: "ئەو کەسە پۆلیسی هاتووچۆیە و پێشتریش جەڵتە لێیداوە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-01-2022 فازڵ حاجی حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەمشەو چوارشەممە کەسێک کە پۆلیسی هاتووچۆیە و تەمەنی 61 ساڵە، لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵ، لەکاتی لێخوڕیندا جەڵتە لێیدەدا و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات.
 
فازڵ حاجی گوتی: "پۆلیسەکە ناوی دڵشاد سلێمانە و بە دڵشادی بەڕاد ناسراوە و پێشتریش جەڵتە لێیداوە".
 
تەرمی دڵشاد سلێمان دواتر بردرایە دادپزیشکیی هەولێر، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت: "کاتێک جەڵتە لێیداوە، تەنیا ئەوەندە توانای هەبووە کە ئۆتۆمبێلەکەی هێواش بکاتەوە و دواتر دەچێتە سەر دوورگەی نێوان جادەکان و ئۆتۆمبێلەکەی دەگیرسێتەوە".