دیندار زێباری: لە هەرێمی کوردستان رێز لە ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان دەگیرێت


رووداو دیجیتاڵ 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتێکی رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ دەداتەوە و دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووە بۆ دیموکراسی و بەرجەستەکردنی بەها دیموکراتییەکان لەوانەش مافی ئازادیی رادەربڕین". 
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-1-2023، رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ - هیومەن رایتس وۆچ، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان لە ساڵی 2022 بڵاوکردەوە و لە بواری ئازادیی رادەبڕین رەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت.
 
لەوبارەوە دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووە بۆ دیموکراسی و بەرجەستەکردنی بەها دیموکراتییەکان لەوانەش مافی ئازادیی رادەربڕین و پابەندە بە سیستمێکی پتەوی بەرزەفتکردنی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری. 
 
دیندار زێباری دەشڵێت، لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی چالاک هەیە وەک چاودێر، ئەمە بەدەر لە بوونی چەندان رێکخراو، ئاژانس و دامەزراوەی نێودەوڵەتی کە بەشدارن لە چاودێریکردن و بەرەوپێشبردنی ستاندەرەکانی مافی مرۆڤ.
 
رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022، چەند یاسایەک کە دەقەکانیان روون نییە، بەکاریهێناون بۆ بەئامانجکردنی رەخنەگران لە بەرامبەر دەربڕینی رەخنە و بۆچوونەکانیان و دەشڵێت: "لە مانگی ئابی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیان رۆژنامەڤان و چالاکڤانی بەر لە خۆپێشاندانێک دەستگیرکرد کە رەخنەگرانی حکومەت داوای خۆپێشاندانەکەیان کردبوو."
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی چالاکڤانان و رۆژنامەڤانان دەڵێت: "مۆڵەتەکانی دەستگیرکردن لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێم و عێراق دەرچوون، هەروەها پێویستە ئەوە روون بێت کە ئەو تێبینییانەی راپۆرتی ناوبراو ئاماژەی پێداون لە کاتی لێکۆڵینەوەكان خراونەتەڕوو و لە قۆناخی دادگاییکردندا پشتڕاستکراونەتەوە و هیچ پەیوەندییەکیان بە کاری رۆژنامەوانی و چالاکڤانی تۆمەتبارەکان نەبووە."
 
راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ هەروەها تیشک دەخاتە سەر دەرکردنی حوکمی شەش ساڵ زیندانی لە ساڵی 2021 لەلایەن دادگەی تاوانی هەولێر بۆ سێ رۆژنامەڤان و دوو چالاکڤانی بادینان؛ هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، ئەو پێنج کەسە "لە دادگاییکردنێکی پڕ لە پێشێلکاریی دژی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دەستوەردانی سیاسی،" سزاکەیان بۆ دەرکرا.
 
دیندار زێباری لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوانەی دەستگیرکراون پەڕاوی لێکۆڵینەوەکانیان بە پڕۆسەیەکی شەفافی دادوەریدا رۆیشتووە، هەندێک لەو تۆمەتبارانەی لە ساڵی 2021 حوکمدران، ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی (2003)یان بەسەر ساخبووەوە، چونکە خۆیان لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا دانیان بە تاوانەکەیان داناوە و لە 21-2-2022 سزاکەیان 60٪ کەمکرایەوە، ئەوەش دوای دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان."
 
لە وەڵامی رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ، دیندار زێباری دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان رێز لە ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان دەگیرێت و هەرچۆنێک بێت، ئەم پرسانەی کە هەستیارن بە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و لە راپۆرتی رێکخراوی ناوبراو هاتوون، پێچەوانەی یاسا بەرکارە نیشتیمانییەکانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پاراستن و سەپاندنی یاسا.