رێگەی نۆ گوند لە سنووری ئاکرێ زیاتر لە 11 ساڵە وێرانە و چاکنەکراوە

 
رووداو - ئاکرێ

رێگەی نۆ گوند لە دەڤەری سورچیانی ئاکرێ کە درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە، زیاتر لە 11 ساڵە وێرانە؛ رۆژانەش زیاتر لە 300 ئۆتۆمبێل هاتووچۆی پێدا دەکەن، کە زۆربەیان جووتیار و ئاژەڵدارن.
 
ئەحمەد مەحموود، جووتیاری گوندی سیتکایە لە ئاکرێ و باسی زەحمەتییەکانی رۆژانەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئەمە هەمووی چاڵە، ئەم لایە هەمووی چاڵە، بچمە ناوەڕاستیش هەر وایە و بچمە لایەکەی دیکەش هەر وایە، بەڵام ناچارین. بتەوێت و نەتەوێت، دەبێت خۆت لەو چاڵانە بدەیت. لە دوو مەتر بۆ سێ مەتر چاڵێک هەیە."
 
نایف حیکمەت فەرمانبەرە و دەڵێت، "ئێمە نزیکەی 50 گەنجی بێکارمان هەن، لە گوندی ئێمە هەموو خاوەن بڕوانامەن، پێیان دەڵێین بۆچی تەکسییەک ناکڕن؟ دەڵێن، ناتوانین؟ دەپرسین بۆچی؟ دەڵێن، چونکە رێگە هەمووی تاسەیە و ناخۆشە."
 
پێشمەرگەیەکیش بەناوی قاسم مەحموود دەڵێت، بەهۆی خراپیی رێگەکەوە "ئۆتۆمبێل هەمووی وێران دەبن، رۆڵت و بۆڵت دەشکێن، دەیبەینە ناوچەی پیشەسازی و خەرجییەکی زۆری تێدا دەکەین."
 
بڕیاربوو بە گوژمەی نزیکەی 500 ملیۆن دینار رێگەکە نۆژەنبکرێتەوە، بەڵام خەڵک رازی نەبوون. ئێستا بڕیار دراوە بە هەمان گوژمەی پارە، دوو بۆ سێ کیلۆمەتری رێگەکە قیرتاو بکرێت.
 
نوورەدین شوکری، بەڕێوەبەری رێگەوبانی ئاکرێ دەڵێت، ئەو رێگەیە لەگەڵ رێگە لاوەکییەکاندا دەخەنە پلانەوە و لێکۆڵینەوەی باشی بۆ دەکەن و دەیخەنە پلانەکانی ساڵی 2023یان.
 
بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، 50%ی کێشەی ئەو رێگەیە چارەسەر نابێت و چاوەڕوانیی چەندین ساڵەی ئەو خەڵکەش وەکو خۆی دەمێنێتەوە.